بافڵ تاڵەبانی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان: بەغدا رێکاری تووند نەگرێتەبەر، خۆمان مامەڵەی لەگەڵ دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، ناوی هەندێک لەو کەس و لایەنانەیان داوەتە بەغدا کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و هۆشداریش دەدات، ئەگەر رێکاری پێویست نەگیرێتە بەر، ئەوا خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.
 
ئەم راگەیێندراوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی دوای ئەوە دێت، کە شەوی رابردوو بە 9 درۆنیش هێرش کرایە سەر هەولێر و بە 6 درۆنیش هێرش کرایە سەر سلێمانی.
 
لە پەیامەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵک دەکات بۆ ئەو چەند شەوە ناخۆشەی بەڕێیان کردووە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لە چەند رۆژی رابردوودا سەرجەم هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان خستووەتە گەڕ و دەڵێت: "لە ئاستی باڵا لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران، ئەمریکا و تورکیا قسەمان کردووە بەمەبەستی پاراستنی کوردستان لەم بارودۆخە."
 
بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەش کردووە، دوای قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، "چاوەڕوانین کە ئاڵۆزییەکان لە هەرێمی کوردستان دووربخرێنەوە."
 
سەرۆکی یەکێتی باس لەوە دەکات، "ئێمە ناوی هەندێک لەو کەس و لایەنانەمان داوەتە بەغدا کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی بەغداین کە هەنگاوی جیدی بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بنێت."
 
هەروەها هۆشداریش دەدات و دەڵێت: "دەزانم هاوڕێکانمان لە بەغدا هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ بەرگرتن لە ئاڵۆزیی زیاتر، بەڵام ئەگەر رێکار نەگیرایە بەر، ئەوا ئێمە خۆمان مامەڵەی لەگەڵ دەکەین."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق وڵاتێکی خاوەن شارستانیی مەزن و مێژوویەکی تایبەتە، بۆیە "دەبێت هەموو هەوڵە شارستانییەکانیش بۆ سەقامگیری و ئاشتی هەر لەم ناوچەیەوە بن."