ئێران ناڕاستەوخۆ داوای گفتوگۆ لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ رووماڵی بەرفراوانی میدیا جیهانییەکان بۆ ئامادەیی هێزی پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ گەڕانەوە، گوتاری زاڵی ئێرانی لە هەڕەشەی ئاشکرا و هێرشی بەرفراوان بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تێکەڵ بە دواندنی ناڕاستەخۆیان کراوە، لەوانە سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند "ئەگەر ئێمە کێشەیەکمان هەیە، باشترە پێکەوە دابنیشین و چارەسەری بکەین، بەڵام با نەبینە قومارۆچکەی ئەمریکا و ئیسرائیل".
 
لە یەکەمین دواندنی ئاشکرادا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی هەینی 6.3.2026 لە تۆڕی ئێکس، بە لێکجیاکردنەوەی هاونیشتمانیان و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رایگەیاند: "سوپاسی خەڵکی بوێر و بەشەڕەفی کوردستان دەکەم لەم رۆژە مێژووییانە لەگەڵ ئێران راوەستاون".
 
پزیشکیان لەم پەیامەیدا هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە لایەنگری حکومەت و خۆی ناوزەد کردووە، بەڵام ترسی خۆی لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەشاردووەتەوە، هەربۆیە لە درێژەی پەیامەکەیدا، بێ ناوهێنانیان نووسیوێتی "پێویستە هێزە چەکدارەکانی پارێزەری ئاساییش بەتووندی رووبەڕووی هەر جووڵەیەکی جیاخوازان ببنەوە".
 
رۆژێک دواتر، پزیشکیان لە پەیامێکی تۆمارکراوی ڤیدیۆییدا، بۆ یەکەمینجار دەرگای گفتوگۆ بەڕووی کورددا کردەوەو داوای چارەسەری کێشەکانی کرد.
 
پزیشکیان لە پەیامە ڤیدیۆییەکەی 7ی مانگدا، بەبێ ناوهێنانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بەبێ پاشگر و پێشگری تیرۆریست و جیاخواز دەڵێت: "پەیامم بۆ بەشێک گرووپ و لایەن لە وڵاتانی دراوسێ، کە لەبیری ئەوەدان بیانەوێ لەم دەرفەتەدا هێرش بکەنە سەر خاکمان، ئەوەیە باشترە قوومارۆچکەی ئیمپڕیالیزم نەبن. رەنگە پێکەوە کێشەمان هەبێت. رەنگە ئێمە گلەییمان لێکدی هەبێت، بەڵام ئێستا پشتیوانی لە ئیسرائیل، کە کۆمەڵکوژی دەکات و ئەمریکا کە کەڵەگایەتی دەکات، بەشداری ئەمانە بۆ هەمیشه دەچێتە چوارچێوەیەکی سەرشۆڕی".
 
سەرۆککۆماری ئێران هەروەها گوتی "ئازادی و سەربەرزی بە پشتیوانی لە درۆزنان و رێوی سیفەتان بەدەست نایەت" دەشڵێت: "ئەگەر ئێمە کێشەیەکمان هەیە، باشترە پێکەوە دابنیشین و چارەسەری بکەین، بەڵام با نەبینە قومارۆچکەی ئەمریکا و ئیسرائیل".
 
دوای ئەم قسانەی پزیشکیان، چەند کاژێرێک دواتر، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا بەزمانێکی روونتر لە سەرۆککۆماری ئێران، راستەوخۆ ناوی کوردی هێنا و گوتی: "چون قسەیان لەگەڵ کورد کرد تا هانیان بدەن. بێ ئاگا لەوەی کورد یەکێک لە قەومە رەسەکانی ئێرانە. هەرچەند دەکرێ لەنێویاندا هەندێک جیاوازی بۆچوونیش هەبێت، بەڵام هەر ئەم کوردانە دەزانن ئەمریکا لە سووریا چ بەڵایەکی بەسەر کورد هێناوە. سەرەتا بە کوردانی سووریایان گوت؛ دەتانپارێزین، دوایی لەپڕ مامەڵەیەکیان کرد و کوردیان بەجێهێشت".
 
لاریجانی جەختی کردەوە: "کورد کەسانێکی ژیر و تێگەیشوون و دەزانن ئەمریکییەکان کاسبکارانە کار دەکەن. وەفایان نییە".
 
پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەشێکی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە ژێر کۆنتڕۆڵی حیزبەکانی دیموکرات و کۆمەڵە و لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەیانجار گفتوگۆی راستەوخۆ لەنێوان سەرکردایەتی کورد و حکومەتی ئێران لە مهاباد، سنە، تاران و قوم کران، بەڵام لەکۆتاییدا ئێران بە داوای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان رازی نەبوو و شەڕێکی خوێناوی سەریهەڵدا.
 
دوای شکستی هێزەکانی دیموکرات و کۆمەڵە، ئەمە یەکەمینجارە بەرپرسانی باڵای ئێران بەبێ تیرۆریست، جیاخواز و هەڵوەشاوە و ناوهێنانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، داوای کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بکەن لەگەڵیان.