دوای بەرنامەیەکی بەرپرسیار، نەخۆشخانەی نانەکەلی تووشبوویەکی شێرپەنجە وەردەگرێت

 
رووداو - هەولێر

کچێکی رۆژئاوای کوردستان، کە نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە، بەهۆی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەی شێرپەنجەی نانەکەلی لە هەولێر پێشوازیی لێ نەکراوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێ "ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکەی دەریخست تووشبووی کۆرۆنا نییە، وەریدەگرین".
 
مەنال عەلی، خوشکی دارین عەلی بەشداریی لە بەرنامەی بەرپرسیاری ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو کرد، کە تایبەتبوو بە پرسی چارەسەری خوشکەکەی.
 
مەنال عەلی ئاماژەی بەوە کرد، دارینی خوشکی سێ ساڵە شێرپەنجەی سارکۆمای گرتووە و گوتیشی "دوو ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ خوشکەکەم لە یۆنان دەژیاین و مافی مانەوەی کاتیمان پێدرابوو، بەڵام بەهۆی نەدارییەوە گەڕاینەوە رۆژئاوای کوردستان و دواتریش لە رێگە فڕۆکەخانەی بەیروتەوە هاتینە هەولێر".
 
مەنال باسی لەوەش کرد "دوای دەستکەوتنی پارە لە 14-3-2020، ویستمان بگەڕێینەوە یۆنان، بەڵام لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر سەرجەم بەڵگەنامەکانمان بە تۆمەتی ساختەبوون لێ سەندراوە و ئێستا لە هۆتێلێک لە هەولێر دەمێنینەوە".
 
خوشکەکەی دارین گوتیشی "کاتێک بۆ چارەسەرکردنی خوشکەکەم چووینە نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە کە نانەکەلییە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە پێشوازیمان لێ نەکرا، ئێستا خوشکەکەم باری تەندروستیی ناجێگیرە، بۆیە بە ناچاری لە نەخۆشخانەی هەولێری تایبەت بەشێوەی کاتی خەوێندراوە. خوشکەکەم لەنێوان ژیان و مردندایە، پێویستە لایەنی مرۆیی رەچاو بکرێت".
 
شێرپەنجەی سەرکۆمام کە بە شێرپەنجەیەکی دەگمەن دەناسرێت، تووشی شانەکانی ئێسک، ماسولکە و جومگەکان دەبێت.
 
د. سامی ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە، بەشداربوویەکی بەرپرسیار بوو، باسی لەوە کرد "لەو دۆخەی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، نەخۆشەکانمان بە رێکی بەڕێکردوون. ئەو نەخۆشانەشی لە دەرەوە دێن ناتوانین راستەوخۆ وەریان بگرین، ئەگەر ماوەی کەرەنتینەیان تەواو نەکردبێت و پشکنینی کۆرۆنایان نەبێت کە تووشبوو نین".
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە گوتیشی "نەخۆشخانەی نانەکەلی نەخۆشانی شێرپەنجەی لێیە و ئەوانەش بەرگریی لەشیان کەمە، بۆیە هەر نەخۆشێک بێتە ناو نەخۆشخانە، ئەگەر نەزانین کۆرۆنای هەیە یان نا، کەرەنتین کراوە یان نا، ناتوانین وەریبگرین تاوەکو هەموو رێکارەکانی تەندروستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا جێبەجێ نەکات".
 
دەربارەی ئەو نەخۆشانەی لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە و کەرەنتین کراون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی ئاماژەی بەوە کرد "هەندێک نەخۆش لە وڵاتی هیند گەڕاونەتەوە و لە هۆتێل پلاتینیۆم کەرەنتین کراون، لەوێ چارەسەری پێویستیان بۆ دەکەین، تاوەکو ئەنجامەکانیان یەکلایی دەبێتەوە ئاخۆ تووشبووی کۆرۆنان یان نا. بۆیە ئەگەر مەنال خان ئەنجامی پشکنینی کۆڤید 19 بۆ خۆی و خوشکەکەی بهێنێت و ئەنجامەکانیان پاکبن، بەڵێ بۆ وەریناگرین. پێویستە دۆکیۆمێنتی پێبێت کە ئەوە بسەلمێنێت، چونکە رێکارەکان لای ئێمە بەو شێوەیەن".