بارزانی بڕیاری لەسێدارەدانی بكوژانی فەرەیدوون جوانڕۆیی واژۆ دەكات

رووداو- هەولێر

سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆ لەسەر جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان بۆ بكوژانی فەرەیدوون جوانڕۆیی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و بەرپرسی پێشووی میحوەری خازر دەكات. بنەماڵەی تاوانبارەكانیش داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەكە دەكەن.

كاژێر 12:39 خولەكی شەوی 25/8/2015 ، لە رووداوێكدا لەسەر رێگای هەولێر خەبات، فەرەیدوون جوانڕۆیی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێك لە پاسەوانەكانی گیانیان لەدەستدا، دوو پاسەوانیشی زامدار بوون.

دوای رووداوەكە، پۆلیسی هەولێر بڵاوی كردەوە، لەلایەن پیاوانی سابیری سۆفی عەلی كە یەكێكە لە كەسایەتییەكانی عەشیرەتی گۆران، بە هەڵە تەقەی لێكراوە و وایانزانیوە دوژمنەكەیان (لیوا نەزیر عاسم)ە كە یەكێكە لە ئاغاكانی عەشیرەتی گۆران.

كوشتنی فەرەیدوون جوانڕۆیی كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. لەسەر ئەو رووداوە كوڕێكی سابیر سۆفی عەلی، هەروەها برا و زاوا و دوو كوڕە خاڵی و كەسێكی دیكەی ئەو بنەماڵەیە دەستگیركران. رۆژی 6/4/2016 دادگای تاوانی سێی هەولێر بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ شەش كەس دەركرد.

دواتر لە رۆژی 20/4/2017، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومی هەرێمیی ژمارە (72،73 و 74) بڕیاری لە سێدارەدانی هەریەك لە (نەشوان سابیر عەلی، بەشار عەبدوڵڵا محەممەد و مەروان عەلی ئیسماعیل)ی پەسەند كرد. رۆژی 23/4/2017 سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاگادار كردووەتەوە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە.

سابیری سۆفی عەلی، كەسایەتی عەشیرەتی گۆران بە (رووداو)ی راگەیاند: "زوڵمێكی گەورە لە بنەماڵەكەی ئێمە كراوە، من دەیان شەهید و بریندارم بۆ پارتی داوە، بەڵام بە یەكجار كوڕ و برا و خوشكەزام ئیعدام دەكرێن. داوا لە جەنابی سەرۆك دەكەم چاوێك بە بڕیارەكەدا بخشێنێتەوە. بە تایبەت دوو لەو كەسانە لەنێو ئۆتۆمبێل بوون و تەقەیان نەكردووە. بەپێی یاسا ئەوان دەبێت بە ماددە 24ی هاتوچۆ سزا بدرێن".

سابیری سۆفی عەلی رووداوەكە بە قەزاوقەدەر ناودەبات و دەڵێت جەنابی سەرۆك بڵێ‌ بمرە ناڵێم نا، بەڵام ئەو رووداوە قەزاو قەدەر بووە، پلانی بۆ دانەنراوە و شایەت و دانپێدانانیش نییە، جگە لەوە چ خوا قبوڵ دەكات 380 كەس لە كوردستان كە سزای لەسێدارەدانیان هەیە، بەس سزای سەر ئەوانەی ئێمە جێبەجێ بكرێ‌. بە تایبەتی كاك فەرەیدوون برادەر و عەزیزی من بوو، هەرگیز خراپەی بەرامبەر ئێمە نەبووە".

سابیری سۆفی عەلی هەڕەشەی وازهێنانی لە پارتی كرد ئەگەر سزای لەسێدارەدانی ئەو شەش كەسە جێبەجێ‌ بكرێ‌ و گوتی "بنەماڵەی كاك فەرەیدوون پێیانگوتین جەنابی سەرۆك چ بفەرمووێ‌ ئێمە رازین. داوای بینینی جەنابی سەرۆكم كردووە بۆ ئەوەی روونكردنەوەی بۆ بدەم، ئەگەر ئەوانە لەسێدارە بدرێن ناچارم لە حیزب دابنیشم، چونكە هیچم پێناكرێت. لە نێو عەشیرەت و كەسوكارم دەشكێم و قسەم ناڕوات. ئەو 6 كەسەی ئێمە پێشمەرگەن و هەموو لەشیان برین و شوێنی گوللەی شەڕی داعشە".

رووداوەكە چۆن بووە؟

بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی هەولێر، دوای كردنەوەی دۆسیەی لێكۆڵینەوە و وەرگرتنی گوتەی شایەتحاڵانی رووداوی كوشتنی فەرەیدوون و پاسەوانەكەی، بە پشتبەستن بە كامێرای چاودێریی نزیك لە شوێنی رووداوەكە، دەركەوت لە سەرەتای رووداوەكە ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆزەری سپی بەدوای ئۆتۆمبێلی (فەرەیدوون جوانڕۆیی) كەوتووە لە كاتی گەڕانەوەی بۆ میحوەری خازر، كاتێك دەگەنە نزیك ئۆتۆمبێلی فەرەیدوون جوانڕۆیی، تەقەی لێدەكەن. شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەی جوانڕۆیی هەوڵ دەدات بەهەر شێوەیەك بێت خۆی دەرباز بكات، بۆیە رێڕەوی ئۆتۆمبێلەكەی دەگۆڕێت و خۆی بە ئۆتۆمبێلێكی درعی سەربازیدا دەكێشێت.

بنەماڵەی جوانڕۆیی: دادگا بڕیارێكی عادیلانەی داوە

ساناو جوانڕۆیی، كوڕی فەرەیدوون جوانڕۆیی لەبارەی بڕیاری دادگاوە بە (رووداو)ی گوت: "ئێمە دوور و نزیك دەستمان لە كاروباری دادگا وەرنەداوە و پێمانوایە دادگا بڕیارێكی عادیلانەی داوە، چونكە غەدرێكی گەورەیان لە باوكم كرد. هەمووی بە بەڵگەو ڤیدیۆ ماوە كاتێك ئۆتۆمبێلەكەی دەسووتێ‌ رێگا نادەن بیكوژێننەوە".

كوڕەكەی فەرەیدوون جوانڕۆیی پشتیوانی لە بڕیارەكەی دادگا دەكات و دەڵێ‌: "ئەگەر سزای تاوانبار نەدرێ كۆمەڵگەی ئێمە بەرەو ئاراستەیەكی مەترسیدار دەڕوات، لەو 6 كەسەی كە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە جەنابی سەرۆك سزای 3 كەسی ئیمزا كردووە، ئێمە هیچ قسەیەكی دیكە لەسەر بڕیارەكەی دادگا ناكەین".

ساڵی رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خانەوادەی فەرەیدوون جوانڕۆیی كۆبووەوە. بەپێی قسەی ساناو جوانڕۆیی، بارزانی گوتوویەتی: لەو كەیسەدا دادگا و یاسا چ بڕیارێكیان دا، ئەوە جێبەجێ‌ دەكرێ.

دوو بنەماڵەكە بە بارزانیش ئاشت نەبوونەوە

لیوا نەزیر عاسم ئاغای گۆران لە ناحیەی دارەتووی سەر بە قەزای بەردەڕەش دادەنیشێ‌. سابیری سۆفی عەلیی گۆرانیش لە قەزای خەبات. تاوەكو ئێستا 17 كەس لە نێوان ئەو دوو بنەماڵەیەدا كوژراون. دوو كەسی بێلایەن و 6 كەسی بنەماڵەی سابیر سۆفی، لەگەڵ 9 كەس لە بنەماڵەی نەزیر عاسم. لیوا نەزیر عاسم پێشتر بە (رووداو)ی گوتبوو، لە ساڵی 1994دا مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووەتە نێوانیان و لە تەكیەی شێخ عەبدولعەزیز ئاشتبوونەتەوە و هیچ كێشەیەك لەنێوانیاندا نەما.