232 شەڕڤانی دیلیی هەسەدە ئازاد کران و گەڕانەوە بۆ حەسەکە
رووداو دیجیتاڵ
دوای چاوەڕوانییەکی سەخت و درێژخایەن، دواجار 232 شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە لای حکومەتی سووریا دیل بوون، ئازاد کران و گەڕانەوە نێو خێزانەکانیان لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان.
ئەیمەن محەمەد ئەمین، یەکێکە لەو شەڕڤانە کوردانەی دوای 3 مانگ و 20 رۆژ گەیشتەوە باوەشی هەردوو منداڵەکەی، ئەو بە دڵخۆشییەوە دەڵێت: "زۆر بیری کچە بچووکەکەم کردبوو."
بەشێک لە خێزانەکان هێشتا چاوەڕێی گەڕانەوەی رۆڵەکانیانن. دایکی یەکێک لە دیلەکان لەبارەی ئازادکردنی ئەو پۆلە شەڕڤانانەوە گوتی: "شوکر بۆ خوای میهرەبان، بەڵام خۆشییەکانمان تەواو نابێت تا ئەو کاتەی هەموویان دەگەڕێنەوە و ئەوانی تریش ئازاد دەکرێن."
لەو شەڕانەی کۆتایی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵ کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق دا رووی دا، بەپێی ئامارەکانی فەرماندەییی هەسەدە، هەزار و 70 ئەندامیان لای حکومەت دیل بوون.
ئەوانەی هێشتا منداڵەکانیان نەگەڕاونەتەوە، پەنا دەبەنە بەر ئەو دیلانەی ئازاد کراون و بە گریان و پاڕانەوە لێیان دەپرسن: "ئایا کوڕەکەمانتان نەبینی؟ لە زیندان لەگەڵتان نەبوو؟"
رامان محێدین، کە شەڕڤانێکی دیکەی ئازادکراوە، لەبارەی دۆخی زیندان و مامەڵەی حکومەتەوە دەڵێت: "دەمانزانی کورد پشتمان بەرنادات، مامەڵەی ئەوان [حکومەت] لەگەڵماندا باش نەبوو."
تاوەکو ئێستا نە حکومەت و نە هەسەدە ژمارەی تەواوی ئەو کەسانەیان رانەگەیاندووە کە هێشتا لە زیندانەکان دا ماونەتەوە، بەڵام چاوی دەیان خێزانی کورد لە دێریکەوە تاوەکو عەفرین، هێشتا لەسەر رێگەیە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئازیزانیانن.