سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبارەی بودجە کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق (جگە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ) لە باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوە بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان لەبارەی رەشنووسی بودجەی عێراق و مادەکانی 13 و 14.  فراکسیۆنی نەوەی نوێش دەنگ بە رەشنووسەکە نادات ئەگەر گێڕانەوەی رێژەی 10٪ـی پاشەکەوتی مووچەی تێدا نەبێت.
 
شەوی پێنجشەممە، 8-6-2023، شوان محەممەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، جگە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، لە کۆبوونەوەدان بۆ ئەوەی بەیەک هەڵوێست لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەو دوو مادەی رەشنووسی بودجە و کۆی رەشنووسەکە دەنگبدەن."
 
روونیشیکردەوە، "بڕیارە ئەمشەو پەرلەمانی عێراق دەنگ بە رەشنووسی بودجەکە بدات."
 
فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە نۆ پەرلەمانتاری هەیە، دواین بڕیاریان ئەوەیە دەنگ بە رەشنووسەکە نادەن ئەگەر بڕگەی 2ـی مادەی 14ـی تێدا نەبێت کە بریتییە لە گێڕانەوەی رێژەی 10٪ـی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەو گۆڕانکارییەی لیژنەی دارایی شەوی 25ـی ئایاری ئەمساڵ کردی.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بە رووداوی گوت، "دەبوو پێشتر کۆبوونەوە بکرێت بۆ ئەوەی بەهێزەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە گفتوگۆ بکەین."
 
بڕیارە ئەمشەو پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2023 کۆببێتەوە، کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 12.67٪ـە و نزیکەی 16 تریلیۆن دینارە. 
 
بەپێی دوایین رەشنووسی گۆڕانکاریی مادەکانی 13 و 14ـی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجە، هەندێک گۆڕانکاریی کرۆکی کراون، ئەو گۆڕانکارییانە لەلایەن بەشێک لەلایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی خراونەتە بەردەم فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان. 
 
بەپێی دوایین گۆڕانکارییەکان کە لە رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2023 کراوە، حکومەتی عێراق 400 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بە هەمان میکانیزمەکانی نەوتی عێراق هەناردەی دەکات و دەیفرۆشێت، ئەگەر ئەوە نەکرا بۆ نێوخۆ بەکاردەهێنرێت، عێراق تێچوونی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە دەگرێتە ئەستۆ و دوو هەژماری بانکی دەکرێتەوە، یەکێکیان بۆ دانانی داهاتەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندیی عێراق، هەژمارێکی دیکەش بۆ دانانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت، واتە بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی و رێگەپێدانی وەزیری دارایی.