بەهۆی لەکارخستنی پەرلەمانی کوردستان ئەمساڵیش حکومەت یاسای بودجەی نابێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی تایبەت بە لەکارخستنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، چارەنووسی بودجەی ساڵی 2023ی هەرێمی کوردستان نادیارە. بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "هێشتا دیارنییە بڕیاری سیاسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵییەوە چییە، ئەگەر بڕیارەکە بەردەوامبوونی پەرلەمان بێت، یاسای بودجە بۆ ساڵی 2023مان دەبێت، ئەگەر بڕیارەکە پابەندبوون بێت بە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵییەوە، ئەوا نابێت."
 
رۆژی 30ی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە بڕیارێکدا درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە "نادەستووری" ناساند و بەو پێیە پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و ئەو بڕیار و یاسایانەشی هەڵوەشاندەوە کە لەدوای رۆژی 06-11-2023وە دەرچوون، دوای بڕیارەکە پەرلەمانی کوردستان هیچ کۆبوونەوەیەکی لیژنەکانی نەکردووە و چالاکییەکانی راگرتووە و بڵاویشیان ناکاتەوە.
 
یەکێک لەو پرسانەی کێشە دروستدەکات، یاسای بودجەی هەرێمی کوردستانە، کە پێدەچێت هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان وابکات هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2023 و دەیەم ساڵ لەدوای یەک یاسای بودجەی نەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 08-06-2023، محەممەد ئیلخانلی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ئەو کێشەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێشتا دیارنییە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتییەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەکەن، ئەگەر بڕیاربێت پێوەی پابەند بین و پەرلەمان کار نەکات، ئەوا یاسای بودجەمان بۆ ئەمساڵ نابێت، ئەگەر پێوەی پابەند نەبین، ئەوا یاسای بودجەمان دەبێت."
 
دەشڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ رەشنووسی بودجەی خۆی کردووە، بەڵام لەدوای پەسندکردنی یاسای بودجە، دەستکاری دەکرێت و لە ماوەیەکی کەمدا دەنێردرێت بۆ پەرلەمان."
 
بەپێی یاسا دەبێت حکومەت هەموو ساڵێک رەشنووسی بودجەی ئەو ساڵە رەوانەی پەرلەمان بکات بۆ پەسندکردنی، دواتریش لە کۆتایی ساڵی دارایی ژمێرەی کۆتایی ئەو ساڵە بە خەرجی و داهاتەکانی بۆ پەرلەمان دەنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دەرچەی یاسایی بۆ رەشنووسی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان نادیارە.
 
بە کاریگەریی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە، لە ساڵی 2013وە هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نەبووە.
 
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2023 پەسند بکات، کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 12.67%ـە و نزیکەی 16 تریلیۆن دینار دەبێت.
 
سۆزان مەنسوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت، "هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کێشە بۆ یاسای بودجەی هەرێمی کوردستانیش دروستدەکات، دەبێت میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و هەڵبژاردنیش پێکەوە بدۆزرێتەوە، بەڵام هێشتا دیارنییە ئەو چارەسەرییە چییە."
 
بڕیاردەری لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە یەکێک لە دەرچەکانی چارەسەرکردنی کێشەی بودجەی ساڵی 2023ی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەشە بودجەی لە بودجەی گشتیی عێراق بۆی دیاریدەکرێت خەرجی بکات، لە کۆتاییدا ژمێرەی دارایی بنێرێت بۆ پەرلەمان بە هاوئاهەنگیی چاودێریی دارایی ببێت."
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 09-10-2022ی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.