کێشەی کەم ئاوی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە

رووداو- هەولێر

ئەگەر جاران هاونیشتمانیان بۆ شوشتنی شۆستە و جادە و شەقامەکان سۆندەی ئاویان رادەکێشا، ئەوە ئێستا بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بە چەندین مەتر سۆندەی ئاو رادەکێشرێت. 


بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆکان زیاتر لە چوار مانگە دەستی بەدانانی پێوەری ئاو بۆماڵان کردووە.

حکومەت دەیەوێ لەو رێگەیەوە کۆنترۆڵی بەفیڕۆدانی ئاو بکات، بەڵام لەکۆی یەک ملیۆن بەشداربوو تاوەکو ئێستا 85 هەزار پێوەر لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دانراون و کێشەی کەم ئاویش لە وەرزی هاوینان هەر وەکو خۆیەتی.

لە هەندێک گەرەک خەڵک ناچارن هەر تانکییە ئاوێک بە 10 تاوەکو 15 هەزار دینار بکرن.

خەڵک دابینکردنی ئاو بە ئەرکی حکومەت دەزانن و چاوەڕوانن بەردەوام ئاویان هەبێت، حکومەتیش هۆکاری سەرەکی کەم ئاوی بۆ خودی هاونیشتمانیان دەگەرێنێتەوە و دەڵێت:" ئەگەر هاونیشتمانیان تەوافە و قوفڵی ئاو بەکاربێنن و بۆ شوشتنی ئۆتۆمبێل و کۆڵان کەڵک لە ئاوی پاک وەرنەگرن، ئەوا کێشەی ئاو نامێنێت".

بۆ رێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی ئاو، وەزارەتی شارەوانی لە مانگی حوزەیرانەوە بڕی50 هەزار دیناری وەک سزا دەستنیشانکردووە بۆ هەرکەسێک ئاو بەهەدەردەدات، سزایەک کە ئەگەر جێبەجێش بکرێت، بەبێ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە، هیچ کاریگەرییەکی نابێت.