ناوی كوردستان له بەرزترین چیای تاجیكستان دەنووسرێت

رووداو - هەولێر 

گرووپێكی شاخەوانانی رۆژهەڵات و باشووری كوردستان ناوی كوردستان له بەرزترین لووتکە چیای وڵاتی تاجیكستان دەنووسن.

رۆژی 2-8-2016 تیمێك له گرووپی شاخەوانی كوردستان چوونە سەر لووتكە چیای "كورژنڤسكایا" لە وڵاتی تاجیکستان، ئیستاش له ئامادەباشیدان بۆ بەرزترین لووتكەی تاجیكستان بەناوی "كۆمۆنیزم".

 یەکێک لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانی کوردستان سەبارەت بە نووسینی ئەو ناوە لە بەرزترین چیای تاجیکستان بۆ (رووداو) گوتی "ئێستا ئەو تیمە خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ناوی کوردستان لە بەرزترین لووتکە چیای ئەو وڵاتە بکێشنسەرکەوتنێکی گەورە بۆ کوردستان و گرووپەکە بەدەستبێنین".

سەبارەت بە بەرنامە و كاری تیمە شاخەوانییەكە، ئاری عوسمان رایگەیاند "بەرنامەی تیمەكە ئەوەیە، هەردوو لووتکەکە بەیەک بەرنامە و لەماوەی یەک مانگ بەسەرکەوتووی تەواو بکەین، ئەوەش زەحمەترین کارە ئەنجامیبدەن، چونکە دەبێت ماوەی پشووی نێوان شاخەکان چەند مانگێک بێت، بەڵام ئێمە لەماوەی یەک مانگدا هەوڵدەدەین تەواوی بکەین".

لووتكەی كورژنڤسكایا بەرزییەکەی حەوت هەزار و 105 مەتر بەرزه. لووتكەی كۆمۆنیزم-یش حەوت هەزار و 495 مەتر بەرزە و بەرزترین لووتکەی وڵاتی تاجیکستانە.

شاخەوانانی بەشداربوو له گرووپی كوردستان بۆ سەرکەوتن بەسەر بەرزترین لووتکە چیای تاجیکستان لە؛ بایز نیگ بەخت له پیرانشار، فوئاد بەهمەنی لە سنه و حسێن محەممەد له بانه پێکهاتوون.

گرووپی شاخەوانی کوردستان لە ساڵی 2012 لەنێوان شاخەوانانی کوردستانی باشوور و رۆژهەڵات دامەزراوە و زیاتر لە 100 ئەندامی کارای هەیە.