حدکا راگەیێندراوێک لەبارەی ئاڵۆزییەکانی نەغەدە بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا راگەیێندراوێکی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی شاری نەغەدە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و هاوخەمی بۆ گیان لەدەستدانی دوو هاووڵاتی کورد دەردەبڕێت و "هیوادەخوازێ خەڵکی شاری نەغەدە جارێکی دیکەش نەکەونە داوی پیلانگێڕانی نەیاری یەکیەتی و یەکڕیزیی خەڵکەکەمان و نەغەدە هەر شاری برایەتی و پێکەوەژیانی دوو نەتەوەی هاوخەبات بۆ ئازادی و بەختیاریی بمێنێتەوە."
رۆژی یەکشەممە 08-08-2021 حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا راگەیێندراوێکی ئاراستەی خەڵکی نەغەدەی کرد و دەڵێت "داردەست و مشەخۆرەکانی رێژیم لە نەغەدە لە بەرگی درۆینی ئۆلی و نەتەوەییدا و بەناوی پارێزگاری لە نەتەوەیەکی تایبەت لە ئەوانی دیکە، لە رووداوەکانی نێوان خەڵک و پێشهاتەکان هەوڵی شلوێکردنی روانگە و بیروڕای گشتیی کۆمەڵگەی داوە و لە نێوان دوو نەتەوەی پێکهێنەری پێکهاتەی جەماوەری ئەم شارەدا تۆوی دووژمنایەتی چاندووە."
نیوەڕۆی رۆژی شەممە گرژی لەنێوان چەند گەنجێکی کورد و ژمارەیەک گەنجی تورکی ئازەری دروستبووە؛ گەنجێکی کورد لە لایەن تورکە ئازەرییەکانەوە بە چەقۆ کوژرا و دوو گەنجی دیکەش برینداربوون. کوژران و برینداربوونی ئەو کوردانە بووە هۆی خۆپێشاندان لە لایەن کوردەکانەوە، دواتر پۆلیس بکوژەکەی دەستبەسەرکردووە.
دانیشتووانی شاری نەغەدە لە دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەری پێکدێت، لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە هەستیارییەکانیان بۆ سەر یەکدی زۆر زیاتر بووە و پێشتریش شەڕ لەنێوانیاندا روویداوە.
دەقی راگەیێندراوی دەزگای رێکخستنی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
خەڵکی نیشتمانپەروەری شاری نەغەدە
خەڵکی بندەستی ژێردەسەڵاتی نگریس و خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی باش دەزانن کە مانەوەی ئەم رێژیمە دژی گەلییە کە سەرچاوەی هەموو ئازار ومەینەتەکانی کۆمەڵگاکەمانە، لە تێکدانی یەکریزی و پێکهێنانی گرفت و ئاڵۆزیی نێوان خەڵک بەگشتی و نەتەوەکانی ئێران و لە ریزیاندا دوو نەتەوەی مافزەوتکراوی کورد وتورکەوە سەرچاوە دەگرێ، بۆیە بە شێوەی بەرنامەدارێژراو و لە رێگای دام و دەزگاکانییەوە هەوڵی درێژکردنەوەی تەمەنی بەسەرچووی دەدا.
داردەست ومشەخۆرەکانی رێژیم لە نەغەدە لە بەرگی درۆینی ئوڵی و نەتەوەییدا و بەناوی پارێزگاری لە نەتەوەیەکی تایبەت لە ئەوانی دیکە، لە رووداوەکانی نێوان خەڵک و پێشهاتەکان هەوڵی شلوێ کردنی روانگە و بیروڕای گشتی کۆمەڵگای داوە و لە نێوان دوو نەتەوەی پێکهێنەری پێکهاتەی جەماوەری ئەم شارەدا تۆوی دوژمنایەتی چاندووە و کردوویەتی بە دەستمایە و دەرفەت بۆ زاڵ کردنی دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی خۆی، لەو نێوەشدا کەم نین گوێ لە مستی فاشیزم و کۆنەپەرەستی کە فوو لە ئاوری ناکۆکییەکان دەکەن و بە چەواشەکرانی هۆکاری کێشەکان خۆی بە برینی کۆنە و نوێی خەڵکی ئەم شارەدا دەکەن و لە بەرژەوەندیی ئاغاکانیاندا خوێنی رۆڵەی کورد وتورکی ئەم شارەیان پێ دەرێژن.
هاونیشتمانانی بەڕێزی شاری نەغەدە،مێژووی پێکەوەژیانی ئەم دەڤەرە شاهیدە کە هەرکات بە فیتی ناحەزانی ئاشتی و پێکەوەژیان، شەڕو گرژی بەرۆکی ئەم شارەی گرتبێ، جگە لە ناحەزانی تەبایی کە بە ئاشکرا دەست وپێوەند و پارێزەرانی رێژیمی زاڵی تارانن، هیچ لایەنێکی دیکەی ئوڵی ونەتەوەیی قازانجی لێ نەکردووە و دەسکەوتی لێ بەدەست نەهێناوە، ئەگەر کوژرانی کاسبکارێک کە لە ناکارامەیی هێزە ئینتزامیەکانی ئەو شارەیە، بەدڵنیاییەوە گۆڕینی ئاراستەی کێشەکە بۆ ناکۆکیی ئوڵی و نەتەوەیی تەنیا لە بەرژەوەندی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی دایە کە بە ئاشکرا بوونی هەموو نەتەوەکان لەوان نەتەوەی کورد و نەتەوەی تورک ئینکار دەکا، بەڵام لەوەها دۆخێکدا بە زەقکردنەوەی ئەم پرسە لە شارێکی بچووکی وەک نەغەدە تۆوی قین و دوژمنایەتی لە نێو خەڵکدا دەچێنێ.
دەزگای رێکخستنی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەر لە رووداوەکانی رۆژی ١٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە شاری نەغەدە و دەربڕینی هاوخەمی بۆ گیان لە دەستدانی دوو هاوڵاتی کورد، لەگەڵ کەسوکار و ئازیزانیان، هیوادەخوازێ خەڵکی شاری نەغەدە جارێکی دیکەش نەکەونە داوی پیلانگێرانی نەیاری یەکیەتی و یەکریزی خەڵکەکەمان و نەغەدە هەر شاری برایەتی و پێکەوەژیانی دوو نەتەوەی هاوخەبات بۆ ئازادی و بەختیاری بمێنێتەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەزگای رێکخستنی گشتی
١٧/٥/١٤٠٠ی هەتاوی