دەستەی وەبەرهێنان: ئەم مانگە دەست بە دروستکردنی 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونەکە دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مانگی ئاب دەست بە دروستکردنی ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە دەکرێت کە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دابوو.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 08-08-2022  محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەم مانگە دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری دروستکردنی 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونەکە بکرێت و هەوڵدەدرێت بە کەمترین ماوە تەواوبن.
 
محەممەد شوکری گوتی: "یەکە نیشتەجێبوونەکان لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆ هەن و بەیەکەوە دەست بە دروستکردنیان دەکرێ".
 
سەبارەت بە تێچووی یەکەکانیش، هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان بە رووداوی گوت: "بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێمە بۆ هەر مەترێک 250-350 دۆلار تێچووەکەی دەبێت، رووبەری یەکەکانیش 3 جۆرن، 80 مەتری، 100 مەتری و 120 مەتری. بۆ ئەوانەی سەڵتن تەنیا مافی ئەوەیان هەیە 80 مەترییەکە هەڵبژێرن. یەکەکان شوقە دەبن کە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان 8 نهۆمی و لە قەزایەکانیش 3 نهۆمی دەبێت."
 
لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە وەک پێشەکی وەردەگیرێت هەڤاڵ سدیق دەڵێت: "هێشتا بڕەکەی دەستنیشان نەکراوە. چەند بژارەیەکمان هەیە، یەکێک لە بژارەکان ئەوەیە 30٪ بێت بە قۆناخ بە قۆناخ، بژارەیەکی دیکەمان هەیە یەک قۆناخ وەربگیرێت بەڵام کەمتربێت لە 30٪، ئەوەی دەمێنێتەوە بکرێتە قیستی مانگانە تاوەکو 15 ساڵ." 
 
بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەدا دروستکردنی ئەو یەکانە "قۆناخی یەکەمە، بەردەوام دەبێت، ئەوانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە ئەگەر لەم قۆناخە چانسیان نەبێت، لە قۆناخەکانی داهاتوو ئەو چانسەیان دەبێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون."
 
رۆژی 31-05-2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و رێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، لە زووترینکاتدا دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت.