کورد لە کەرکووک بە چەندین لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتاییهات و حیزب و لایەنە کوردستانییەکان نەیانتوانی نە لە پارێزگای کەرکووک و نە لە پارێزگاکانی دیکەی وەک نەینەوا، تکریت و سەلاحەدین بە یەک لیستی هاوبەش بەشداری بکەن. 
 
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، پارتی بە هۆکاری شکستی نەبوونی یەک لیستی تۆمەتبار دەکات. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیش هۆکارەکە دەخاتە ئەستۆی یەکێتی و پارتی. بەرپرسی مەڵبەندی سۆسیال دیموکراتیش دەڵێت، "بەهۆی پەرتەوازەییەوە کورسی و دەنگی زۆر لە کیسی کورد دەچێت."
 
دوای درێژکردنەوەی بۆ ماوەی یەک رۆژ، دوێنێ دووشەممە، تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتاییهات. حیزب و لایەنە کوردستانییەکانیش نە لە کەرکووک و نە لە پارێزگاکانی دیکەی وەک نەینەوا، تکریت و سەڵاحەدین لیستی هاوبەشیان نییە. هاوپەیمانێتیی یەکێتی و پارتی لە کەرکووک لەگەڵ ئەو لایەنانەیە کە لە رابردوودا دەنگی کەمیان لە کەرکووک بەدەستهێناوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، حیزب و لایەنە کوردستانییەکان لایەنی کەم پێنج هاوپەیمانێتی و لیستیان دەبێت کە ئەمانەن؛ هاوپەیمانێتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبی شیوعی؛ هاوپەیمانێتی پارتی و ژمارەیەک حیزبی دیکە؛ هاوپەیمانیی مەشخەڵ کە یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لەخۆ دەگرێت؛ نەوەی نوێ؛ سۆسیال دیموکرات.
 
پارتی و یەکێتی پێکەوە نابن 
 
بەشێکی زۆری دەنگدەری کورد لە کەرکووک دەنگدەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکەوە نابن. رۆژی سێشەممە 8-8-2023، شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک، لەبارەی هۆکاری دروستنەکردنی یەک لیست لەنێوان حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هۆکارەکەی ئێمە نەبووین؛ هۆکار پارتییە، چونکە ئێمە ویستمان یەک لیستی کوردستانی هەبێت، بەڵام پارتی پێشوەختە گوتی لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانی ناکەن، هەرچەندە ئێمە بۆ بەرژەوەندیی کورد، کاخەزی سپیمان بۆ هەموو لایەنە کوردستانییەکان واژۆ دەکرد و ئەوەمان بە هەموویان راگەیاندووە."
 
بەرپرسانی پارتی لە کەرکووک لەم کاتەدا نایانەوێت قسە لەسەر هاوپەیمانێتییەکەیان بکەن، بەڵام رووداو ئەوەی زانیوە هەفتەی داهاتوو وردەکاریی هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ ژمارەیەک لایەن رادەگەیەنێت. بڕیاری سەرکردایەتی پارتی ئەوەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمان نەبێت. رۆژی 29-07-2023، محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "لە کەرکووک لەگەڵ برایانی یەکێتی دوورین لە یەکدی و ماوەیەکە گفتوگۆکان لەنێوانماندا وەستاون. مەکتەبی کەرکووک - گەرمیانی پارتی نەیویستووە لەگەڵ یەکێتی لە یەک لیستدا بەشداری هەڵبژاردن بێت، چونکە لەوانەیە دەنگدەرانی ئێمە ئەوە قبووڵ نەکەن.''
 
حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناکات. بزووتنەوەی گۆڕانیش بڕیاری بەشداریکردنی بە تەنیا داوە. ژمارەیەک حیزبی دیکەش بە بەربژێری سەربەخۆ بەشداری دەکەن. 
 
یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکەوەن و بزووتنەوەی ئیسلامی رەخنە دەگرێت 
 
بڕیارە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023 بۆ یەکەمجار لەدواى 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق و بۆ یەکەمجار لەدواى 18 ساڵ هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت. چەند مانگێکە لەمەوبەر دەنگۆیەک هەبوو کە یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی ئیسلامی هاوپەیمانێتییەک بۆ هەڵبژاردن دروست دەکەن، بەڵام دواجار تەنیا یەکگرتوو و کۆمەڵ هاوپەیمانێتیی "مەشخەڵی کەرکووک"یان راگەیاند.
 
هەرچەندە  بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان هۆکاری نەبوونی لیستی ئیسلامییەکانی کەرکووکی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە بزووتنەوەی ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کێشەی هەیە، بەڵام مەڵبەندی حەوتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی دووشەممە 7-8-2023 بڵاویکردەوە، هۆکاری شکستەکەی خستە سەر یەکگرتووی ئیسلامی بە پلەی یەک و دواتر حیزبە ئیسلامییەکەی دیکەی بە پاشگەزبوونەوە لە بیرۆکەی لیستی هاوبەش تۆمەتبارکرد و رایگەیاند، "بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوودا و دوور لە ئەخلاقی ئیسلامی کە فێری راستگۆیی و داد و ئینسافمان دەکات بەرامبەر یەک، هەواڵی راگەیاندنی هاوپەیمانی ئەو دوو حیزبەمان بیست، بێ ئاگاداری ئێمە و حیزبی ئیسلامی و زانایان."
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، ژمارەی دەنگدەدان لە پارێزگای کەرکووک 986 هەزار و 159 کەس بوو. 
 
رۆژی سێشەممە، 8-8-2023، هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لەبارەی نەگەیشتن بە رێککەوتنی یەک لیستیی حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە رووداوی گوت، "هۆکاری سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون. ئەوان رێکنەکەوتن و ئامادەی رێککەوتن نەبوون؛ لایەنە سیاسییەکانی دیکەش ئازادن لەگەڵ کێ هاوپەیمانی دەکەن. ئەو پەرتەوازەییە بۆ کورد لە ناوچە کوردستانییەکان خراپ و کاردانەوەی نەرێنی دەبێت."
 
دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک لە ساڵى 2005 کرا و دواتر تەمەنى ئەنجوومەنەکە درێژ کرایەوە، ئەگەرچى لە ساڵانى 2009 و 2013 دوو هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، بەر لەوەى لە ساڵى 2019 ئەنجوومەنى پارێزگاکان بە بڕیارى پەرلەمان کارەکانی سڕ بکرێت.
 
رەسووڵ رەئووف، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حیزبی سۆسیال دیموکرات کە محەممەدی حاجی مەحموود سەرۆکایەتی دەکات، رۆژی سێشەممە، 8-8-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەرتەوازەیی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاریگەری هەیە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی کورسی و هەزاران دەنگ. دەبوو لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە یەک دەنگ بوونایە و یەک لیستیان هەبووایە."
 
بەرەبەیانی رۆژی 27ـی ئاداری 2023 پەرلەمانی عێراق شەو و رۆژێکی سەختی بەڕێکرد، دواجار پێشنیازەیاسای هەڵبژاردنی نوێنەران و پارێزگاکانی پەسندکرد، جگە لە جێگیرکردنی پشتبەستن بە سیستمی سانت لیگۆی هەموار (1.7) و یەک بازنەیی هەر پارێزگایەکی عێراق و چەند پرسێکی دیکە، هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک لە دیارترین ئەو بابەتانە بوو یەکلاییکرایەوە.
 
لە هەڵبژاردنى ساڵى 2005ى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، لە کۆى 41 کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، لیستى برایەتى کە یەکێتى و پارتى پێکهێنەرى سەرەکیى بوون، 26 کورسی بەدەستهێنا و پۆستى پارێزگارى وەرگرت.