لە کەلار بەهۆی شەڕەچەقۆ کەسێک دەکوژرێت
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بە رووداوی راگەیاند، کەسێک دوای ئەوەی لە شەڕەچەقۆدا بریندار دەبێت بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەستدەدات.
رووداوەکە پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 08-09-2021 لە عەلوەی کەلار روویداوە و باسی لە برینداربوونی چەند کەسێک دەکرێت، بەڵام تەنیا یەک بریندار گەیێنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار.
رزگار مەجید، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " تەنیا یەک کەس لەو رووداوە هێنراوەتە نەخۆشخانەکەمان، دوای کاژێرێک لە تیمارکردنی برینەکانی بەداخەوە بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستدا."
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی (هاوکار محەممەد ئەمین)ـە تەمەنی 24 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی شەهیدانی کەلار بووە.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار دەڵێت "تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نەزانراوە."