وەزیری خوێندنی باڵا داهاتی کتێبەکەی کە زیاتر لە 238 هەزار دۆلارە دەبەخشێتە نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان داهاتی کەمپەینی کتێبەکەی کە زیاتر لە 238 هەزار دۆلارە دەبەخشێتە نەخۆشخانەکانى تایبەت بە شێرپەنجە لە هەولێر و سلێمانی.
رۆژی پێنجشەممە 8-9-2022 ، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کەمپەینی کتێبی (خوێندنى باڵا لەسەردەمى کۆرۆنا و ئاڵنگارییەکاندا) کە لە نووسینی د.ئارام محەممەد، وەزیرى خوێندنى باڵایە، بڕى 330 ملیۆن دینار، لەگەڵ 12 هەزار و 450 دۆلار کۆکرایەوە و بەخشرایە هەردوو نەخۆشخانەکانی نانەکەلی و هیوای تایبەت بە شێرپەنجە لە هەولێر و سلێمانی.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە بەئامادەبوونى ئەندامانى کەمپەینى کۆکردنەوەى هاوکارى بۆ نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە و راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانى وەزارەت و نوێنەرى نەخۆشخانەکانى نانەکەلى و هیوا، بەڕێوەچوو. د. ئارام محەممەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، "رۆژی 23-8-2022 لە پەراوێزى بڵاوکردنەوەى کتێبێکمان بە ناونیشانى (خوێندنى باڵا لەسەردەمى کۆرۆنا و ئاڵنگارییەکاندا)، وەک ئەرکێکى نیشتمانى و نەتەوەیی کەمپینێکمان بۆ کۆکردنەوەى هاوکارى بۆ نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە راگەیاند".
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتیشى، نەخۆشخانەى هیوا لە سلێمانى و نانەکەلى لە هەولێر کە تایبەتن بە چارەسەرکردنى نەخۆشییەکانى شێرپەنجە، "رۆژانە زۆرترین خەڵکى کەمدەرامەت و هەژارى وڵاتەکەمان سەردانیان دەکەن، بۆیە ئەو نەخۆشخانانە جگە لە پشتیوانیی سێکتەرى خۆیان، لەهەمان کاتدا پێویستیان بە پاڵپشتى و هاوکارىی هەموو چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگەیە. ئێمەش لە روانگەى هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتى بەرامبەر بەکۆمەڵگەکەمان خوازیاربووین هاوکاریان بکەین، بۆیە بەخۆشحاڵییەوە هەر لەدواى راگەیاندنى کەمپینەکە زانکۆ و پەیمانگەکان و بەتایبەت زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و مامۆستایان بە گڕوتینەوە بەرەو کەمپینەکە هاتن و پشتیوان و کۆمەکى دارایی باشیان پێشکەش بە لێژنەى بەڕێوەبردنى کەمپینەکە کرد."
د.ئارام محەممەد لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا بڕى کۆمەک و هاوکارییەکانى ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە ئەنجامى ئەم کەمپینەدا توانرا بڕى 330 ملیۆن دینار، لەگەڵ 12 هەزار و 450 دۆلار کۆبکرێتەوە.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى خواست هەموو چین و توێژەکانى کۆمەڵگە هاوکارى و پشتیوانى بەردەوامى ئەو نەخۆشخانانە بکەن تا بتوانن هاوکارى نەخۆشەکان بن بۆ گەڕانەوەیان بۆ لاى ئازیزانیان.
وەزیرى خوێندنى باڵا بڕى کۆمەکەکەى بەشێوەیەکى یەکسان پێشکێشى نوێنەرى نەخۆشخانەکانى هیوا لە سلێمانى و نانەکەلى لە هەولێر کرد.
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، نوێنەرى نەخۆشخانەى (هیوا) بە نوێنەرایەتیی نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و ستافى وەزارەت و زانکۆ و پەیمانگەکانى کرد، گوتى: "شێرپەنجە دەردێکى کوشندەیە و پێویستە هەموومان پێکەوە رووبەڕووى ببینەوە، چونکە هیچ کەسێک لە کۆمەڵگە لە مەترسییەکانى دووچاربوون بەو نەخۆشییە بەدوورنییە" هیواشى خواست ئەو جۆرە چالاکییانە بەردەوام بێت تاوەکو باشتر بتوانن خزمەتەکانیان پێشکێش بکەن.