بەهۆی نەبوونی و قەرزدارییەوە هاونیشتمانییەک لە سەقز ئەندامانی جەستەی بۆ فرۆشتن داناوە
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە شاری سەقز بەهۆی هەژاری و قەرزداری، گورچیلە، جگەر و گلێنەی چاوی بۆ فرۆشتن داناوە.
ئیسماعیل سۆهرابی، خێزاندار و باوکی سێ منداڵە. پێشتر لە بازاڕ کاری کڕین و فرۆشتنی قوماشی کردووە. بەهۆی ئەوەی بارێکی لەلایەن حکومەتەوە بە بیانووی "قاچاخ بوون" دەستی بەسەردا گیراوە، قەرزێکی 720 ملیۆن تمەنی لەسەر کەڵەکە بووە. ئەو و هاوژین و منداڵەکانی دەڵێن، قەرزدارەکان گوشاری زۆریان بۆ دەهێنن و هەڕەشەیان لێدەکەن.
ئیسماعیل و هاوژینەکەی نەخۆشن و پێویستیان بە وەرگرتنی چارەسەر و نەشتەرگەری هەیە، بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییان ناتوانن چارەسەر وەربگرن. کچێکیشیان کە تەمەنی 18 ساڵە و ئەمساڵ دەبوو چووبایە زانکۆ، بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەریاندا هاتووە، وازی لە خوێندن هێناوە.
هاوژینی ئیسماعیل سۆهرابی دەڵێت، "پیاوەکەم کێشەی دارایی بۆ دروستبووە و قەرزداربووین لەسەری. نزیکەی 720 ملیۆن قەرزدارین. ئێستا ناتوانێت لە بازاڕ کار بکات. گوشارێکی زۆرمان بۆ هاتووە و ئابڕوو و شەرەفمان لە خەتەردایە."
ئیسماعیل سۆهرابی، هاونیشتمانیی دانیشتووی سەقز گوتی، "لەنێو بازاڕ کارم دەکرد، بەڵام دووچاری زەرەر و زیانێکی زۆر بووم، بڕێک بارم لێ گیراوە و ئێستا زۆر قەرزدارم، خەڵک گوشارێکی زۆر لە خۆم و بنەماڵەکەم دەکەن و شەرەف و نامووسمان لە خەتەردایە و لە کۆڵان پەلاماری منداڵەکەمیان داوە."
کچی گەورەی ئەم خێزانە 18 ساڵانە. ئەمساڵ دەبوو چووبا بۆ زانکۆ، بەڵام کێشەی خێزانەکەی و نەداری رێگر بوون کچێکی کە ساڵانێک لە پلە یەکەمەکان بوو و هیوای زۆری بە چوونە زانکۆ هەبوو، بتوانێت بە ئاواتەکەی بگات.
کچی ئیسماعیل سۆهرابی باسی لەوە کرد، "قەرزدارەکان گوشاری زۆریان بۆ باوکم هێنا لەبەر ئەوە باوکم بڕیاری دا گلێنەی چاو، گورچیلە و بەشەکانی دیکەی جەستەی بفرۆشێت. منیش ئەمساڵ نەمتوانی بچمە قوتابخانە و درێژە بە خوێندنەکەم بدەم."
کێشەی ئەم خێزانە بە کەمتر لە 20 هەزار دۆلار چارەسەر دەبێت. ئەوان داوا لە خێرخوازان دەکەن، بە هەرچەندی لەدەستیان دێت، هاوکارییان بکەن، لەم کێشەیە رزگاریان بکەن.