شیوەن و گریانی ژن و پیاوان لەسەر ئارامگەی مام جەلال
رووداو - سلێمانی
لە چوار پارچەی کوردستان و هەزاران کەس دەچنە سەر ئارامگەی تاڵەبانی لە دەباشان و گوڵ دادەنێن، خەڵک لە ئۆتۆمبێلەکانیان دادەبەزن بە مەودای کەمتر لە کیلۆمەترێک بە رێی ئەو گردەدا سەردەکەوەن کە ئارامگەی مام جەلالی لێیە.
هاونیشتمانیان بەڕیز بۆ ماڵئاوایی لە سەرکردەیەک کە زیاتر لە نیو سەدەیە لەشار و شاخ بۆ ئازادی ئەمان خەبات دەکات وەستاون و گوڵ بۆ دوایین ئارامگەی مام جەلال دەهێنن.
حاجی عەینە لە کەلارەوە هاتووەتە سلێمانی تاوەکو ئەوەی لە ناخیدا پەنگی خواردبوو بۆ کۆچی مام جەلال لە دەباشان بە گریان هەڵی رێژێت.
حاجی عەینە تاڵب دەڵێت "هەر کەسێک رێبازەکەی ئەو بگرێت هەتا خوا دونیا دونیای کردووە بۆ وڵاتەکانیش دەبێتە مایەی خێر، موستەحیلە لەم دونیا چی بۆ کرا بەهەشتیش ئاوا ئامادەکراوە بۆ مام جەلال".
کەم جار گریانی پیاو دەبیندرێت، بەڵام لەسەر مەزاری مام جەلال پیاو و ژن قوڵپەی گریانیان تێکەڵ بە نزای ئەوانی دیکە بووە.
فواد ئەحمەد 35 ساڵ بەر لە ئێستا ئەو رۆژەی بڕیاری داوە ببێت بە پێشمەرگە مام جەلالی بینیوە، بەڵام دوادیداری لەگەڵ ئارامگەکەی بوو. بۆیە خۆڵی سەر گۆڕەکەی هەڵگرتووە و دەڵێت دەبێت هەر لەگەڵم بێت.
فوئاد ئەحمەد، پێشمەرگەی دێرین بە رووداوی راگەیاند "سەرەتا گوتی تەمەنت چەندە، گوتم تەمەنم بۆ 18 ساڵ و حەوت مانگ دەچێت، گوتی بۆ ئەو زانیاریانەت ئاوا بە راستی دایە دەست من، گوتم جەنابی مام جەلال لەبەر ئەوەی ببم بە پێشمەرگە بۆ پاراستنی گەلی کورد گوتی بەخێربێیت، بەڵام تۆ دەبێت لە خوێندنگایەکدا بخوێنیت بۆ ئەوەی داهاتووی میلەتەکەت رۆشن بکەیت".
هەندێک بە یاریدەی گۆچانەکانیان خۆیان دەگەیەننە دەباشان، ئەوەی نوێش بۆ مانەوەی یادی سەرکردەکەیان لە بیریاندا، چونکە مام جەلال هەم دۆستی گەنج بوو هەم پیر.
لاڤان عەبدوڵڵا، دەرچووی زانکۆ گوتی "بەڕێز مام جەلال سەرکردەیەکی زۆر مەزن بوو، خۆشەویستییەکی زۆرم بۆی هەیە، یەکێک بوو لەو سەرکردانەی هەموو ژیانی تەرخانکرد بۆ گەنج بۆ پیر بۆ ئافرەت بەتایبەت وای لە ئافرەت کرد ئازاد بێت بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیە، بەتایبەت لە سلێمانی ئەو ئازادیەی بۆ ئافرەت هەیە بەهۆی مام جەلالەوە بوو نەک بە تەنها بۆ سلێمانیش بۆ هەموو کوردستان".
هەموو وێنەیەک رەنگە یادگاریەکی شیرینی تێدا نەبێت، بەڵام پێدەچێت سەبووری بێت بۆ ئەو کەسەی وێنەی لەگەڵ ئارامگەی سەرکردەیەکیدا هەبێت کە لەگوڵ زیاتر لەسەر گۆڕەکەی هیچی دیکە نابینرێت.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن