رنین و کۆکردنەوەی بەرهەمی زەیتوون لە کۆبانی دەستیپێکردووە
رووداو - کۆبانێ
لە کۆبانی و رۆژئاوای کوردستان بەرهەمی ئەمساڵی زەیتوون کۆدەکرێتەوە. گوندشینەکان لە بەرهەمی دارەکانیان رازین. ژنە جووتیارێکی کۆبانێ دەڵێت، هەر دارێک 15 کیلۆ و زیاتری گرتووە.
تەنیا لە کۆبانێ ملیۆنێک و 600 هەزار داری زەیتوون هەیە. 90 هەزار هێکتار زەوی لە سنووری کۆبانێ تایبەتە بە چاندنی زەیتوون و فستق، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە سوود لە زەوی ناوچە سنوورییەکان وەنەگیراوە.
زەیتوونی رۆژئاوای کوردستان بەشێکی خۆشدەکرێت و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە دەکرێ بە رۆنی زەیتوون. کیلۆیەک زەیتوونی خاو بە 350 لیرەی سووری دەفرۆشرێت، نرخی یەک لیتر زەیتی زەیتوونیش دەگاتە هەزار لیرەی سووری.
رۆژئاوای کوردستان بەتایبەت عەفرین و کۆبانێ بە زەیتوون بەنێوبانگن، بەڵام قەیران و شەڕی سووریا کاریگەری خراپی لەسەر ئەو بەرهەمە هەبووە.