هەسەدە کوژرانی 13 چەکداری نزیک لە تورکیا و برینداربوونی 19ـی دیکەی راگەیاند
رووداو - هەولێر
هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لەمیانی پێکدادانەکاندا 13 چەکداری سوپای نیشتمانی سووریای نزیک لە تورکیا کوژراون و 19 چەکداری دیکەشیان برینداربوون.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە بڵاویکردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام سوپای تورکیا و چەکدارانی هاوکاری لە هێرشکردن بەردەوامن.
هەسەدە هاوکات ئاماری 24 کاژێری رابردووی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوە، لە سنوورەکانی تلتەمر و زرگەن و عەین عیسا پێکدادان روویداوە.
لە راگەیێندراوەکەی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا هاتووە، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لەو پێکدادانانە 13 چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا کوژراون و 19ی دیکەشیان برینداربوون".
هەسەدە دەڵێت، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانیشدا لە 24 کاژێری رابردوودا 12 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و 7 شەڕڤانی دیکەش برینداربوون.
ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی لەبارەی ئەم پێکدادانانە بڵاونەکردووەتەوە.