خولی راهێنانی پەڕەشووت لە گمگمی باکووری کوردستان خواستی زۆری لەسەرە
رووداو - هەولێر
خولی راهێنانی پەڕەشووت لە گمگمی باکووری کوردستان خواستی زۆری لەسەرە، گەنجان بەکۆمەڵ بەشداری لە خولی راهێنانی پەڕەشوود دەکەن.
لە شارۆچکەی ئەلبیستانە لە پارێزگای گمگمی باکووری کوردستان، لە پرۆژەیەکدا 10 گەنج راهێنانی پەڕەشووتیان پێدەکرێت.
خولەکە سەرەتا بە خوێندنی فێرکاری دەستپێدەکات و چەند راهێنانێکیش لەسەر چۆنیەتی فڕین بە پەرەشووت دەکرێت، بەڵام لەم قۆناخەدا فڕینەکە دوو کەسییە، لێرەدا مەبەست راهێنانی بەشداربووە لەگەڵ کەشی فڕین.
لە دوایین قۆناخیشدا بەشداربووان فڕین تاقیدەکەنەوە، هاکان جۆشکون، یەکێکە لە بەشداربووەکان و دەڵێت "دوایین راهێنانەکانمان تەواوکرد، ئێستاش نۆرەی فڕینە."
راهێنەرێک چاودێریی فڕینی بەشداربووان دەکات، بەشێک لە بەشداربووەکان یەکەمینجارە بەتەنیا فڕین بە پەڕەشووت تاقیدەکەنەوە.
راهێنەری سەرەکی کە هاوکات سەرۆکی یانەکەیە، لە خاڵی نیشتنەوە لەڕێی بێتەلەوە رێنمایی دەداتە بەشداربووان دەدات. فیلیز دەمیر یەکێکی دیکەیە لە بەشداربووەکان و دەڵێت "فڕینێکی ناوازە بوو و کەشوهەوا زۆر خۆش بوو. سوپاسی مامۆستاکەم دەکەم."
بەشداربووان باس لەو جۆشوخرۆشەیان دەکەن کە لەکاتی فڕیندا هەیانە، ئەوان ئەم فڕینە بە هەنگاوێکی گرنگی ژیانیان ناودەبەن.
رەمەزان کایا دەڵێت "فڕین بە پەڕەشووت خەونی ئێمە بوو، ئەو خەونەمان بەدیهێنا. لە پارەوە هەوڵدەدەین و راهێنان لەسەر فڕین دەکەین."
بەدەر لە کەیف و خۆشی، سەرۆکی یانەی پەڕەشووتەوانیی ئەلبیستان دەڵێ؛ ئەمە هاوکات هەلیکارە بۆ گەنجانی گمگم.
تورگوت ئاکباش، سەرۆکی یانەی پەڕەشووتەوانیی ئەلبیستان گوتی "گەنجەکانمان فێردەبن بە جێبەجێکردنی یاساکانی، ئەم وەرزشە هیچ مەترسییەکی تێدا نییە. هەربۆیە زیاتر رووی تێدەکەن. هەروەها ئێمە دەڵێین ئەم وەرزشە هاوکات پیشەیەکە. چەندین هاوڕێمان هەن کە فێربوون و ئێستا لە ئاڵانیا، فەتحیە و ئەنتاڵیا گەشتی پەڕەشووت بە گەشتیاران دەکەن."
ساڵی 2014 یەکەمین خولی راهێنانی پەڕەشووت لە شارۆچکەی ئەلبیستان دەستیپێکرد. سەرەتا هاونیشتمانیان بە مەترسی ناویاندەبرد و رەتیاندەکردەوە بەشداری بکەن، بەڵام ئێستا ژمارەی بەشداربووان تادێ بەرەو هەڵکشانە.