لێپرسراوی هەڵبژاردنی کەرکووک-حەمرینی یەکێتی: دەبێت کورد هەشت کورسیی کەرکووک مسۆگەر بکات

رووداو دیجیتاڵ 

لێپرسراوی سەنتەری هەڵبژاردنی کەرکووک- حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ کورد بگەڕێتەوە پێویستە بەشداریی دەنگدەرانی کورد لە پارێزگای کەرکووک لە  70٪ کەمتر نەبێت و لایەنە کوردستانییەکان هەشت کورسی و زیاتری ئەنجوومەنەکە بەدەستبهێنن.
 
رۆژی چوارشەممە، 08-11-2023، عەلی قەڵایی، لێپرسراوی سەنتەری هەڵبژاردنی کەرکووک- حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهاتەی کورد یەکلاکەرەوە و چارەنووسسازە، بۆیە دەبێت کورد بە گوڕوتینێکی زۆرەوە بەشداریی تێدا بکەن و پێویستیشە لایەنە کوردستانییەکان ئەوپەڕی هێمنی و تەبایی نیشانبدەن، چونکە کورسیی پارێزگاریی کەرکووکی لەسەر وەستاوە."
 
عەلی قەڵایی پێیوایە بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک گەرەنتی بکەن، دەبێت لانیکەم 70٪ـی دەنگدەری کورد بەشداری لە هەڵبژاردنەکە بکەن، دەشبێت هەموو لایەنە کوردستانییەکان لانیکەم هەشت کورسی بەدەستبهێنن.
 
ئەو قسانەی ئەو بەرپرسەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، 7-11-2023، بەربژێرێکی عەرەب بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت و گوتی، پۆستی پارێزگاری کەرکووک پێویستە لای عەرەب بمێنێتەوە، چونکە ئەوان بە گوتەی ئەو بەربژێرە 500 هەزار دەنگدەریان هەیە.
 
لێپرسراوی سەنتەری هەڵبژاردنی کەرکووک- حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتی، "پۆستی پارێزگای کەرکووک گرنگە، دەبێت زۆرترین هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی بۆ کوردی گەرەنتی بکەینەوە." 
 
دەشڵێت، "لە کەرکووک دوو جۆرە بەرکەوتە و ئیستیحقاق هەیە، یەکێکیان هەڵبژاردنە، ئەوەی دیکە نەتەوەییە، بۆ بە بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک جگە لە تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستان، یەکێتی و پارتی و لایەنە ئیسلامییەکان و شیوعی و سۆسیالیست و نەوەی نوێ و سەرجەم هێزەکانی دیکە، گرنگە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەش ئەو تەباییە دروستبکەینەوە و متمانە دروستبکەین."
 
سەبارەت بە شێواندن و دڕاندنی پۆستەرەکانی بەربژێرەکانی حیزبەکەی لە کەرکووک، قەڵایی گوتی، "لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، ژمارەیەکی زۆر لە پۆستەرەکانی بەربژێرەکانمان لێدەکرێنەوە و دەشێوێندرێن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە لە کۆمیسیۆن سکاڵا تۆماردەکەین و پێمان راگەیاندوون کە لە کۆمیسیۆن، لەو لایەن و کەسانە بکۆڵنەوە کە ئەو کارە دەکەن."
 
رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 18-12-2023، بەڕێوەبچێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات؛ یەکێتی و حیزبی شیوعی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی بە هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167 بەشدارن. 
 
لە هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا کە ژمارەی کورسییەکانی 41 کورسی بوو، (لیستی برایەتیی کەرکووک) کە لیستێکی کوردستانی بوو 26 کورسی بەدەستهێنا و پارێزگار درایە کورد.