د. سەڵاحەدین سەعید: توانای وەرگرتنی بەشە زانستییەکان سنووردارە
رووداو - هەولێر
د. سەڵاحەدین سەعید، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەفزیۆنی رووداو، لەبارەی وەرگرتنی خوێندکاران لەمساڵدا لە زانکۆی سلێمانی رایگەیاند:" توانای وەرگرتنی بەشە زانستییەکان لە زانکۆی سلێمانی سنووردارە، چونکە هۆڵەکانی خوێندن و تاقیگەکان ئەگەر بمانەوێت بەپێی ستانداردێکی جیهانی بڕۆین بەڕێوە، پێویستە پابەندی زۆر شت بین تا کوالێتی بپارێزین، بۆیە لە زانکۆی سلێمانی هەوڵمانداوە بەپێی توانا زۆرترین ژمارەی خوێندکار وەربگرین، بەڵام بە شێوەیەک بێت کە کاریگەری لەسەر کۆلێتی خوێندن نەبێت".
د. سەڵاحەدین هەروەها دەڵێت،" بۆ ئەمساڵ کە پلانەکەمان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا رەوانە کرد، 4200 خوێندکار بوو، لەو ژمارەیەش نزیکەی 900 خوێندکارێک زیاتر وەرگیراوە"، دەشڵێت "تا راددەیەک بەم ژمارەیە رازین، ئەم ژمارە زیادەش تا ئاستێک لەرووی کوالێتییەوە کێشە بۆ کۆلێژە زانستییەکان بەتایبەت کۆمەڵە پزیشکییەکان دروست دەکات، چونکە لە تاقیگەکاندا کێشەمان هەیە".
سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە پێویستە هاوسەنگییەک رابگرن لە نێوان ژمارەکان و ئەو پێداویستییانەی بۆ زانکۆکان دابین دەکرێن، دەشڵێت "دابینکردنی پێداویستییەکان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی كوردستانە، بەداخەوە ئەگەرچی حکومەت پێداویستییەکان دابین دەکات، بەڵام هاوکارییەکان لە شوێنی پێویست نیین و زۆرجار بۆ داواکارییەکان و بۆ ئەو کەلوپەلانەی رۆژانە لەکاردەخرێن، لە وەزارەتی داراییەوە ئەو پێویستیانە دابین ناکرێن، ئەمانەش هەموویان کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن دروستدەكەن".
لەبارەی بوونی دەسەڵاتێک لە زانکۆکان بۆ وەرگرتنی رێژەیەکی دیاری خوێندکارن لە زانکۆکانیاندا، سەعید گوتی: "ئەمە کێشەیەکی ئاڵۆز و گەورەیە، پێموایە لە دەسەڵاتی سەرۆکی زانکۆدا نییە کە بتوانێت بە تەنها چارەسەری ئەمە بکات، ئەگەر بێت و سەرۆکایەتی زانکۆ یان زانکۆکان ئەو سەربەخۆییەیان پێبدرێت کە لە یاسای خوێندنی باڵادا هەیە و هەروەها سیستمی دابەشکردنی ناوەندی نەبوو، سیستمی وەرگرتن پەیوەستبا بە زانکۆکە، لەو کاتەدا زانکۆ دەتوانێت بڕیاری گونجاوی خۆی بدات".
لەبارەی سەربەخۆیی داراییشەوە دەڵێت،" ئەگەر بێت و لە رووی داراییشەوە زانکۆکان سەربەستی خۆیان هەبوو، خۆیان بواری ئەوەیان پێبدرێت کە داهاتی خۆیان هەبێت و بواریان پێبدرێت کە ئەو بودجەیەی ساڵانە بۆ زانکۆکانیان دایدەڕێژن، ئەو بودجانەیان بۆ تەرخانبکرێت و پێداویستییەکانیان دەستەبەربکرێت، پێموابێ زانکۆکان دەتوانن بە شێوەیەکی سەربەستتر بڕیاری گونجاوی خۆیان بدەن"، دەشڵێت "زانکۆکان بەهیچ شێوەیەک سەربەخۆیی داراییان نییە، لە رووی سەربەخۆیی زانستی و کاڕگێریشەوە بەشێوەیەکی سنووردار سەربەخۆن".