وەزارەتی خوێندنی باڵا لیستی نوێى زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی بڵاوکردەوە
رووداو - هەولێر
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لیستی ناوی ئەو زانکۆیانەی بڵاوکردەوە کە لە لەلایەن وەزارەتەوە پەسندکراون و باوەڕپێکراون و رایدەگەیێنێت "لە رۆژی 12-8-2016 کار بە لیستی نوێی زانکۆ پەسندکراوەکان دەکرێت".
رۆژی پێنجشەممە 12-8-2016 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لیستی نوێى ئەو زانکۆیانەی دەرەوەی وڵاتی راگەیاند، کە ژمارەیان 2012 زانکۆیە و لەمەودوا لەلایەن وەزارەتەوە پەسەندکراو و باوەڕپێکراون بۆ مەبەستی مۆڵەتی خوێندن و تواناسازی و هەموو جۆرەکانی دیکەی خوێندن لەدەرەوەی وڵات و یەکسانکردنی بڕوانامەکان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیێنێت،ئەو بەڕێزانەی کە خوازیارن لەدەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەن:
1.لیستی نوێی زانکۆ پەسندکراوەکانی دەرەوەی وڵات لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی 8-12-2016ەوە کاری پێدەکرێت.
2.پابەندبون بەم لیستە، پێشکەشکارانی هەموو جۆرەکانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لەدەرەوەی وڵات دەگرێتەوە (مۆڵەتی خوێندن، تواناسازی و زەمالە)، هەروەك ئەو بەڕێزانەش دەگرێتەوە کە دهخوازن بەشێوازی (نفقە خاصە و مۆڵەتی بێ مووچە) دەیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن.
3.ئەو بەڕێزانەی کە لە دوای ئەم رێكکەوتهوه داواکاری بۆ خوێندن لەدەرەوەی وڵات پیشکەش دەکەن، پێویستە (ئۆفەری خوێندن، کۆرسی زمان و کۆرسی ئەکادیمی) لەیەکێک لەو زانکۆیانە بەدەستبهێنن، کە لە هەردوو گرووپى لیستەکاندا هاتووە، بە پێچەوانەوە لە دوای گەڕانەوەیان مامەڵەی یەکسانکردنی بڕوانامەیان بۆ جێبەجێ ناکرێت.
4.پێشکەشکارانی هەموو جۆرەکانی خوێندن لەدەرەوەی وڵات پێویستە بەر لە رۆیشتن سەردانی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بکەن، بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە بوونی زانکۆکەیان لە لیستی زانکۆ پەسەندکراوەکانی وەزارەت و کردنەوەی فایلی خوێندن لە بەڕێوەبەرایەتی نێردراوان لە دیوانی وەزارەت.
5.بڕیاری پابەندبوون بە لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات ئەو بەڕێزانە ناگرێتەوە کە دانیشتووی دەرەوەی عێراقن و رەگەزنامەی بیانیان هەیە.
6.لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات ئەو بەڕێزانە ناگرێتەوە کە پێش رێکەوتی 8-12-2016 لە دەرەوەی وڵات دەستیان بە خوێندن کردوە، بەڵکو بە لیستى پێشتر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.