خاوەن نانەواخانەکەی هەولێر ئازادکرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ رایگەیاند، ئیدریس مەسعود کە دوێنێ دەستگیرکرابوو، کەمێک لەمەوبەر ئازاد کراوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 09-01-2024، مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە بەیانیی ئەمڕۆوە لەگەڵ ئاسایش لەسەر هێڵ بوونە لەبارەی کەیسی دەستگیرکردنی خاوەنی نانەواخانەکەی هەولێر، کەمێک پێش ئێستا ئاگادارکراونەتەوە کە ئازادکراوە.
 
لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئیدریس مەسعود کە خاوەنی نانەواخانەیە لە شاری هەولێر، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ گوتی، "داوای راپۆرتمان کردووە لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی، بەڵام تاوەکو ئێستا بەدەستمان نەگەیشتووە، بۆیە ناتوانین لەوبارەوە جارێ هیچ بڵێن."
 
کۆتایی ساڵی پار، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا نرخی نان هەرزان بکرێت و 10 نان و سەموون بە کێشی 90 گرام بکرێتە هەزار دینار، بەڵام دوێنێ دووشەممە خاوەنی بەشێک لە نانەواخانەکانی هەولێر ناڕەزایەتییان دەربڕی و دژی بڕیارەکە وەستانەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، ناتوانن 10 نان بە هەزار دینار بفرۆشن، ئەگەر ئارد و گازیان بە هەرزان نەدرێتێ.
 
لە کاتی گردبوونەوەکە یەکێک لە خاوەن نانەواخانەکان بە دەنگێکی بەرز ناڕەزایی دەبڕی و ڤیدیۆی ناڕەزاییەتییەکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی؛ دوای گوتەکانی لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکرا. 
 
بەرپرسێکی پارێزگای هەولێر لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئیدریس مەسعودەوە رۆژی دووشەممە بە رووداوی رایگەیاندبوو: "شێوازی دەربڕینەکەی ناشرین بووە و قسەی بە شارێک گوتووە."