ئەحمەد شەرع پەیوەندیی بە سەرۆک بارزانییەوە کرد؛ "كورد سەرەكییە لە سووریا"
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ هەینی، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە سەرۆک بارزانییەوە کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوایین پێشهاتە سیاسیەكانی سووریا و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان لە بایەخی سەقامگیری و هەماهەنگیی هاوبەش كردەوە.
ئەحمەد شەرع، وەکو بارەگای بارزانی دەڵێت، ئەوەی دووپات كردەوە كە "كورد پێكهاتەیەكی رەسەن و سەرەكیی گەلی سووریایە و جەختی لە پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی سووریا بۆ گەرەنتیكردنی هەموو مافە نیشتمانی و سیاسی و مەدەنییەكانی كورد لەگەڵ پێكهاتەكانی دیکەی سووریا بە شێوەیەكی یەكسان و بێ جیاوازی كردەوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ ئەو تێروانینەی ئەحمەد شەرع هەبووە و "پشتیوانی خۆی بۆ ویست و ئاواتی سووریەكان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێك راگەیاند كە هەموو لایەن و پێكهاتەكان بگرێتەخۆ و تێیدا هاوبەش بن. هەروەها جەختیشی لە پێویستی بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگی كردەوە ئەویش لەپێناو رەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەموو لایەک و پاراستنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی".
دەقی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی:
ناوەڕۆكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک بارزانی و سەرۆکی سووریا، ئەحمەد ئەلشەرع.
رۆژی هەینی 9ی كانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆكی سووریا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە كرد.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوایین پێشهاتە سیاسیەكانی سووریا و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان لە بایەخی سەقامگیری و هەماهەنگیی هاوبەش كردەوە. هەروەها سەرۆک شەرع ئەوەی دووپات كردەوە كە كورد پێكهاتەیەكی رەسەن و سەرەكیی گەلی سووریایە و جەختی لە پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی سووریا بۆ گەرەنتیكردنی هەموو مافە نیشتیمانی و سیاسی و مەدەنیەكانی كورد لەگەڵ پێكهاتەكانی تری سووریا بە شێوەیەكی یەكسان و بێ جیاوازی كردەوە.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ ئەو تێروانینەی سەرۆک شەرع هەبوو و پشتیوانی خۆی بۆ ویست و ئاواتی سووریەكان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک راگەیاند كە هەموو لایەن و پێكهاتەكان بگرێتەخۆ و تێیدا هاوبەش بن. هەروەها جەختیشی لە پێویستی بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگی كردەوە ئەویش لەپێناو رەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەموو لایەک و پاراستنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی.