وەزارەتی کارەبا دەیەوێت لە وزەی خۆر کارەبا دابین بکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، وزەی خۆر لە هەرێمی كوردستان لەبەردەم داهاتوویەكی باش و ژینگەیەكی لەباردایە بۆ پەرەپێدانی و پلانیشی هەیە بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کارەبا، دەكرێت وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا سوودی لێوەربگیرێت، تیشكی خۆر لە هەرێمی كوردستان رێژەیەكی باشی هەیە و لە سەروو 1800 (kwh/m2/year)ەوەیە، بەمەش دەتوانرێت سوود لەم وزەیە وەربگرێت.
وەزارەتەکە دەڵێت، لە بەرنامەیدایە سوود لەم سەرچاوە پاك و خاوێن و بەردەوامە وەربگرێت كە پێویستی بە سووتەمەنی نییە و دۆستی ژینگەیە، "پلانیشی داناوە بۆ جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر و ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی داوە بە دامەزراندنی سێ وێستگەی 25 مێگاواتی و وەزارەتی كارەباش كار بۆ ئامادەكاردنی دەكات".
ئەمەش، وەکو وەزارەتی کارەبا دەڵێت، دەچێتە پاڵ سێ پرۆژەی دیكەی سۆلار لە دوو قوتابخانە و یەک بنكەی تەندروستیی میلـلی كە بە هاوكاریی رێكخراوی IOM دامهزراوە و له سهرەتای ساڵی 2017وه كاردهكهن، ئاماژە بەوەش کراوە، نیو مێگاوات كارەبا 24 كاژێر كارهبا دابیندهكات بۆ ئهو شوێنانه.
لە راگەیێندراوی وەزارەتی کارەبادا هاتووە، نەخۆشخانەی تارینی میللی کە یەکێک لەو سێ سیستەمی خۆرەیە، قەبارەی وێستگەی وزەی خۆر لەو نەخۆشخانەیە 250 کیلۆواتە (سەروو 1000 ئەمپێرە)، وێستگەکە 700 پەنەڵی سۆلار و 48 پاتریی گەورەی تایبەتی تێدایە، ئەم سیستەمە پێی دەوترێت هایبرد، واتە سیستەمی خۆری تێکەڵ کە سێ سەرچاوەی وزەی تێدایە "کارەبای نیشتمانی، وزەی خۆر و پاتری).
نەخۆشخانەكە بە هەموو سپلیتەکانی، دوو ئامێری گەورەی تیشک (ئەشیعە)، کورسی پزیشکی ددان، تاقیگە، سەلاجە، بەفرگر و گشت رووناکییەكی کە تێیدایە، هەموو ئامێرەکان لەسەر سیستەمەکە کاریان پێدەكرێت.
ئەم وێستگەی وزەی خۆرە گەورەترین سیستەمە لە هەرێمی کوردستان کە بەم قەبارەیە بێت و 24 کاژێر کارەبا دابین بکات بۆ شوێنێکی گشتی و خزمەتی هاونیشتمانیان.