ئاسایشی شارەزوور: کەسێکمان دەستگیرکردووە درووشمی تووندئاژۆیی لەسەر دیوار نووسیوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە ئاسایشی شارەزوور لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی گەنجێکی راگەیاند کە لەسەر دیواری ئارامگەی شەهیدانی خێڵی حەمە درووشمی گرووپە "تیرۆرستییەکان"ـی نووسیبوو.
لە راگەیێندراوی ئاسایشی شارەزوور ئاماژە بەوە دراو، تۆمەتبارێکیان بە ناوی (س. م. ق) لە 07-01-2021 دەستگیرکردووە و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی شارەزوور بەپێی ماددەی 3ـی تیرۆر راگیراوە، هەروەها تۆمەتبارەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
ئەو تۆمەتبارە لەسەر یەکێک لە دیوارەکان نووسیبووی "بژی ئەنسارولئیسلام"، لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە لەژێر کاریگەریی گوتاری تووندئاژۆدا ئەو بیرۆکانەی وەرگرتووە و پێیوایە "پەیکەر و وێنە دژی ئایینی ئیسلامن".
هەروەها چەند رۆژێک لەمەو بەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەو تۆمەتبارانەیان دەستگیرکردن کە سەرەتای مانگی رابردوو، لە سنووری قەزای سەیدسادق و لە نزیك شەقامی پێنجوێن - سەیدسادق، ئاڵایەکی داعشیان دانا بوو و لەژێریدا بۆمبێک چێنرابوو، لەکاتی هەڵگرتنەوەی ئاڵاکەش، دوو کارمەندی ئاسایش بریندار بوون.