شێلادزێ؛ کەسێک بە جلوبەرگی پۆلیسەوە 100 ملیۆن دینار لە 300 کەس دەستێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شێلادزێ کەسێک بە جلوبەرگی پۆلیس و بەناوی دامەزراندنی خەڵکی، 100 ملیۆن دینار لە 300 هاونیشتمانیی شارۆچکەکە دەبات و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، "دوور و نزیک ئاگامان لەو بابەتە نییە و کەسیش سەردانی ئێمە و فەرمانگە میرییەکانی شێلادزێی لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە".
 
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە شێلادزێ رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە خەڵکی شارۆچکەکەوە دەست رووداو کەوتووە، ئەو کەسەی ئەو پارەیەی لە هاووڵاتییان وەرگرتووە تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە، ئەو بەناوی دامەزراندن و بە جلوبەرگی پۆلیسەوە 100 ملیۆن دیناری لە 300 کەس وەرگرتووە، بەهۆی ئەوەی جلوبەرگی پۆلیسی پۆشیوە خەڵک متمانەیان پێکردووە و پارەکەیان پێداوە.
 
لەبارەی راستی و دروستیی بابەتەکە و بەدواداچوونیان لەسەر ئەو پرسە، رزگار عوبێد، بەڕێوەبەری ناحیەی شێلادزێ بە رووداوی گوت، "ئێمە دوور و نزیک ئاگامان لەو بابەتە نەبووە و تەنیا لە رێگەی سۆشیال میدیاوە زانیاریمان پێگەیشتووە و کەسیش نەهاتووەتە لای ئێمە و سەردانی هیچ یەکێک لە فەرمانگە میرییەکانی شێلادزێش لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە".
 
بەڕێوەبەری ناحیەی شێلادزێ داوا لە خەڵکی شارۆچکەکە دەکات "ئەوانەی فێڵیان لێکراوە پەنا ببەنە بەر دادگە و رێکاری یاسایی بگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسە".
 
رزگار عوبێد ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئامارێکی دروستمان لەبەردەستدا نییە کە چەند کەس پارەی داوە بەو کەسە و ئەو کەسەش بڕی چەند پارەی خەڵکی بردووە".