دەزگای خێرخوازیی بارزانی 332 هەزار لیتر نەوت و 90 هەزار ژەمەخۆراکی لە رۆژئاوای کوردستان دابەشکرد


رووداو دیجیتاڵ

دەزگای خێرخوازیی بارزانی چوارەم راپۆرتی چالاکییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، تاوەکو شەوی 8ـی شوبات، 332 هەزار لیتر سووتەمەنی و نزیکەی 90 هەزار ژەمەخۆراکیان دابەشکردووە و 906 هەلی کاریشیان بۆ خەڵکی ناوچەکە رەخساندووە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، کاروانە مرۆییەکانی دەزگاکە بە 367 بارهەڵگر گەیشتوونەتە ناوچە جیاجیاکان و هاوکاریی جۆراوجۆریان پێشکێشی ئاوارە و لێقەوماوان کردووە، کە پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک، سووتەمەنی و خزمەتگوزاریی پزیشکی بوون.
 
دابەشکردنی خۆراک و سووتەمەنی
 
دەزگای خێرخوازیی بارزانی 89 هەزار و 670 ژەمەخۆراکی گەرمی دابەشکردووە، کە پرۆسەکە 483 قوتابخانە و 34 مزگەوتی گرتووەتەوە.
 
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی سەرما، دەزگاکە 332 هەزار و 492 لیتر نەوتی سپی بەسەر 9 هەزار و 64 خێزاندا لەنێو 241 قوتابخانە و 12 مزگەوت دابەشکردووە.
 
لە چوارچێوەی هاوکارییە جۆراوجۆرەکانی دیکەشدا، 15 هەزار و 195 خێزان سوودمەند بوون؛ لەو ژمارەیە هەزار و 416 خێزانیان لە دەرەوەی قوتابخانەکان (خەڵکی عەفرین) بوون و ئەوانی دیکەش لەناو 314 قوتابخانە، 13 مزگەوت و 13 گوندی جیاواز نیشتەجێ بوون.
 
خزمەتگوزاریی پزیشکی و هەلی کار
 
لەڕووی تەندروستییەوە، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەنێو 84 قوتابخانەدا چارەسەریان بۆ 7 هەزار و 952 کەس دابین کردووە، وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
 
جگە لە هاوکارییە مرۆییەکان، دەزگاکە 906 هەلی کاری بۆ دانیشتووانی شارەکانی قامشلۆ، دێریک، حەسەکە، گرکێ لەگێ، تربەسپى، عاموودا و دەرباسییە رەخساندووە.