نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆچی دوایی محەممەد ئەمین بۆزئەرسلان: لە یادەوەریماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی زمانەوان، نووسەر و توێژەری کورد، محەممەد ئەمین بۆزئەرسلان بڵاوکردەوە کە لە سوێد کۆچی دواییکرد. نێچیرڤان بارزانی جەختی لە رۆڵی پێشەنگانەی بۆزئەرسلان لە پاراستنی زمان و ئەدەبی کوردیدا کردەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا بۆ کۆچی دوایی ئەو پارێزەرەی ئەدەبی کوردی کە دوێنێ یەکشەممە، 8-2-2026، لە تەمەنی 90 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بۆزئەرسلان و رووناکبیرانی کوردستان کرد.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "بەبۆنەی کۆچی دوایی نووسەر، توێژەر و نیشتمانپەروەر محەممەد ئەمین بۆزئەرسلان، سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و تەواوی رووناکبیرانی کوردستان دەکەم. رۆحی شاد بێت. سەیدا بۆزئەرسلان بە خزمەت و بەرهەمە بەپێزەکانی، رۆڵێکی گەورەی لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمان و ئەدەبی کوردیدا گێڕاوە. ئەو شوێنەوارەی لەپاش خۆی جێی هێشتووە، هەمیشە لە یادەوەریماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە."
محەممەد ئەمین بۆزئەرسلان کێیە؟
محەممەد ئەمین بۆزئەرسلان پێشەنگێکی رووناکبیریی کوردی بوو کە لە تاراوگە لە شاری ئۆپسالای سوێد کۆچی دواییکرد، بەتایبەت لە ساڵانی شەستەکانەوە یەکێک بوو لەناوە هەرە گرنگەکانی راپەڕینی کولتووریی کورد.
بۆزئەرسلان لە ساڵی 1934 لە قەزای لیجەی ئامەد لەدایکبووە و نووسەری یەکەمین کتێبی "ئەلفوبێی کوردی" بوو کە بە پیتی لاتینی لە تورکیا بڵاوکرایەوە. بەهۆی ئەم کارەی و وەرگێڕانی شاکارەکەی ئەحمەدی خانی "مەم و زین" بۆ سەر زمانی تورکی، رووبەڕووی زیندانیکردن و دوورخستنەوە بووەوە.
بۆزئەرسلان لە ساڵی 1979وە لە سوێد نیشتەجێ بوو، لە رێگەی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی "دەنگ" کە خۆی دایمەزراندبوو، ئەرشیڤە کوردییەکانی سەردەمی عوسمانی گۆڕی بۆ پیتی لاتینی و لە فەوتان رزگاری کردن، بەمەش کۆمەڵە بەرهەمێکی بێهاوتای بۆ ئەدەبیاتی کوردی هاوچەرخ بەجێهێشت.