"هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان 60 ملیۆن دۆلار و ساڵێك كاتی پێویستە"

رووداو- هەولێر

سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، ئاشكرای دەكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و گشتپرسی لەسەر دەستوور، پێویستیان بە زیاتر لە 12 مانگە بۆ ئامادەسازی.

رۆژی 19/8/2015 ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت و تاوەكو ئێستاش باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و گشتپرسی لەسەر پرۆژەی دەستوور لەئارادا نییە. سەرۆكی كۆمیسیۆن دەڵێ‌ لانیكەم پێویستیان بە 12 مانگە بۆ ئامادەسازی بۆ هەر هەڵبژاردنێك لە هەرێمی كوردستان.

هەندرێن محەممەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "بۆ هەر هەڵبژاردن و راپرسییەك پێویستمان بە نزیكەی 12 مانگ هەیە بۆ ئامادەسازی و رێكخستنی كارەكان و كردنەوەی نووسینگە لە شارەكان و دەرەوەی وڵات و دامەزراندنی كارمەند و مەشق و راهێنان بە كادیران".

 هەورەها گوتی "وەكو كۆمیسیۆن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێ‌ كێشەو گرفت بەڕێوەببەین، جگە لەوەی كاتی باشمان پێویستە، هەیكەلی ئیداریی كۆمیسیۆنەكەشمان دروست نەكردووە، چونكە تازە ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران سوێندی یاساییان خواردووە و دەستبەكار بوون".

سەبارەت بەو بودجەیەی كە كۆمیسیۆن بۆ هەر هەڵبژاردنێك پێویستی پێیە، گوتی "چ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و چ بۆ گشتپرسی لەسەر دەستوور، كۆمیسیۆن پێویستی بە 60 ملیۆن دۆلار هەیە، ئەو بڕە پارەیەش پێویستە هەرێمی كوردستان دابینی بكات".

ئەوە لەكاتێكدایە كە د.عیزەت سابیر، سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2015ی هەرێمی كوردستاندا هیچ بڕە پارەیەك بۆ  كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن تەرخان نەكراوە‌ "لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2015 دا هیچ حیسابێك بۆ كۆمیسیۆن نەكراوە، لە كاتێكدا ئەو كۆمیسیۆنە هێندەی وەزارەتێك پێویستی بە بودجە و فەرمانبەر هەیە هەر لە دابینكردنی ستاف و كردنەوەی نووسینگە و دەیان پێداویستی دیكە".

د.عیزەت سابیر هەروەها گوتی "ساڵانە 100 ملیۆن دۆلار لە بودجەی سیادی عێراق بۆ هەڵبژاردن و گشتپرسی دادەنرێت، ئەگەر ئەو پارەیە خەرج نەكرا لە بوارێكی دیكە خەرج دەكرێت، بۆیە پێویستە بەغدا خەرجییەكانی هەر هەڵبژاردنێكی هەرێمی كوردستان دابین بكات، كاتێك دابینی ناكات ئەمە مانای شەڕی سیاسییە".

سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2015 ی هەرێمی كوردستاندا بڕی 150 ملیار دینار بۆ حاڵەتی تەنگانە و لە ناكاو تەرخانكراوە، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردن و گشتپرسی لەو ساڵەدا كرا، دەبێ‌ داوای دابینكردنی بودجەی كۆمیسیۆن لەو 150 ملیار دینارە بكەین".

ویلایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەریمی كوردستان لە 19/8/2015 كۆتایی دێت، ئێستا سێ‌ سیناریۆ لە بەردەم هێزە كوردستانییەكاندایە، ئەوانیش درێژكردنەوەی ویلایەتەكە، یان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەپێی ماددەی دوو لە یاسای ژمارە 1ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ساڵی 2005، كە دەڵێ‌:" سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە دەنگدانێكی گشتی و نهێنی و راستەوخۆ هەڵدەبژێردێت".

سیناریۆی سێیەم دروستبوونی كۆدەنگی لایەنە كوردستانییەكان و ئەنجامدانی گشتپرسییە لەسەر پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان كە ئەمەش كات و بودجەی دەوێت.

ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ‌و راپرسی هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 لە 9 كەس پێكهاتوون كە بەسەر 5 حیزبەكەی باشووری كوردستان (پارتی و گۆڕان و یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ) دا بەشكرا لەگەڵ دیاریكردنی نوێنەری پێكهاتەی توركمان و مەسیحی، بەڵام لەسەر كورسییەكانی پارتی و یەكێتی. ئەم كۆمیسیۆنە سەرپەرشتی هەڵبژاردن و گشتپرسییەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان- عێراق دەكات.