تونجەر باکرهان بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئێوە تەنیا نین
رووداو دیجیتاڵ
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بە تەلەفۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسە دەکات و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی کە ئەمڕۆ دووشەممە نۆ ـی ئاداری 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە پەیوەندییەکەدا باکرهان رایگەیاندووە، ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
باکرهان سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری ئەو کارمەندەی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرد کە رۆژی 7ی ئەم مانگە لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گیانی لەدەستدا.
باکرهان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: "تەنیا نین. ئێمە سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەکرێنە سەر هەرێمی فیدراڵیی کوردستان."
دەقی راگەیێندراوەکە :
"هاوسەرۆکی گشتیمان تونجەر باکرهان، بەهۆی هێرشەکانی ئێران و گرووپە نزیکەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستانی فیدراڵی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دا و هیوای سەلامەتی بۆ خواست. لە پەیوەندییەکەدا، باکرهان بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە لەلایەن ئێران و گرووپە نزیکەکانییەوە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستانی فیدڕاڵی. سەرەخۆشیی بۆ کەسوکاری ئەو کارمەندە ئەمنییە و خەڵکی کوردستان دەربڕی کە کارمەندەکە لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گیانی لەدەستدا. باکرهان جەختی لە هەستیاریی پارتەکەمان لەبارەی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی کردەوە و گوتی: 'تەنیا نین. ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستانی فیدڕاڵی".