وەزارەتی دارایی: پارەی مووچەی مانگی شوبات گەیشت و ئەمڕۆ خشتەکە رادەگەیێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، دواین گوژمەی پارەی مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژمارەکەیان و دوای تەواوکردنی رێکارەکان، هەر ئەمڕۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە رادەگەیێندرێت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
پێشتر سەرچاوەیەک لەحکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، 295 ملیار دینار خرایە سەر هەژمارەی بانکی هەرێمی کوردستان، بەمەش 935 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 2 نێردراوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی کە ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026 بڵاویکردووەتەوە، بڕی 295 ملیار و 405 ملیۆن دینار وەک دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رەخنە لە بەغدا دەگرێت و دەڵێت، بۆ تەمویلی مووچەی ئەم مانگەش، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بڕی 16 ملیار و 107 ملیۆن و 881 هەزار دیناری نەناردووە، کە شایستەی دارایی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازییە.
هاوکات وەزارەتەکە نیگەرانیی خۆی نیشانداوە لەوەی کە بەغدا ئەو 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دینارەشی خەرج نەکردووەتەوە کە مانگی رابردوو لە تەمویلی مووچەی کانوونی دووەم بڕیبووی و ئەو پارەیە شایستەی ساڵی رابردووی خانەنشینانی سەربازی، شارستانی و کەمئەندامانی سەنگەر بووە، سەرباری ناردنی نووسراوی فەرمی و تیمی تەکنیکی بۆ روونکردنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو شایستانە خەرج نەکراونەتەوە.