هەولێر.. دوو رۆژە گەنجێك بێسەروشوێنە

رووداو- هەولێر

كاروان خالید، گەنجێكەو پیشەی كرێكارە، لە سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممەوە كە بە ئۆتۆمبێلەكەی لەماڵ دەرچووە بێسەروشوێنە‌و بە گوتەی وەستاكەی بێت رفێنراوە، پۆلیسیش دەڵێ نابێ ئەو بڕیارە بدرێت. 

 رەشوان سەباح ساڵح، كەسێكی نزیكی ئەو گەنجە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئەو ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ وەستایەكدا كرێكاری دەكات، بەیانی زوو دەرچووە بۆ شوێنی كاركردنی، بەڵام نەگەیشتووەتە شوێنی كارەكەی".

ستار سەعدی محەممەد، وەستای كاروان بە رووداوی گوت ''كاژێر 4:10 پەیوەندیم پێوەكرد بۆ ئەوەی بچینە سەر كار، ئەویش وەڵامی دایەوەو گوتی من لەماڵ دەرچووم و وا لەرێگەم، بەڵام 3 خولەك دواتر پەیوەندی پێمەوە كرد و گوتی منیان برد، هەرچەندە هەوڵمدا پەیوەندییەكە دانەخات و قسەی زیاتری لەگەڵ بكەم، بەڵام پەیوەندییەكە بچڕاو لەو ساتەوە مۆبایلەكەی داخرا''.

رەشوان سەباح ساڵح گوتیشی ''كاروان كێشەی لەگەڵ هیچ كەسێك نییە و خێزاندارەو خاوەنی دوو منداڵە".

كەسوكاری كاروان لە بنكەی پۆلیسی شادی و بنكەی ئاسایشی كوردستان سكاڵایان تۆماركردووەو ئیفادەیان لێ وەرگیراوە، ئەوان گومانیشیان لە كەس نییە.

لەو بارەیەوە عەمید عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت ''ئێمە بەدواداچوونی جدیی دەكەین بۆ ئەو بابەتە، ناشكرێت بە زمانێكی دیكە لێكدانەوە بۆ بابەتە بكرێ و ناوی رفاندنی لێ بنێین، چونكە زۆر حاڵەتی لەو جۆرە هەبووە و دواتر ئەو كەسە خۆی گەڕاوەتەوە ماڵەوە''.