گوێرەکەیەک لە ئامەد بەرەڵڵا بووە و 5 مانگە ناگیرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوێرەکەیەک لە ئامەدی باکووری کوردستان 5 مانگە بەرەڵڵا بووە و ناگیرێتەوە.
 
رووداوەکە لە گوندی سماقی سەر بە ناوچەی سووری ئامەدە روویداوە. خاوەنەکەی دەڵێت، پێنج مانگ لەمەوبەر لەکاتی ماڵ گواستنەوەدا دەرگای تەویلەکەی بە واڵایی جێهێشتووە، گوێرەکەکەش دەرچووە و تاوەکو پێیان زانیوە دوورکەوتووەتەوە.
 
سەرەتا خاوەنەکەی و دواتریش تەواوی گوند هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی گوێرەکەکە بگرنەوە، بەڵام بێهودە بوو.
 
عەلی کایا، موختاری گوندی سماقی رایگەیاند، گوێرەکەکە وای لێهاتووە بە کەس ناگیرێت.
 
ئەو کاتەی گوێرەکەکە رایکردووە تەمەنی 3-4 مانگ بووە و ئێستا بووەتە 8-9 مانگ، واتە زیاتر لە نیوەی تەمەنی بە بەرەڵڵایی بەسەربردووە، هەربۆیەش خەڵکی گوندی سماقی ناویان ناوە 'گوێرەکە هەڵاتووەکە.'
 
موختاری گوندی سماقی داوا لە بەرپرسان، بەتایبەتیش وەزارەتی ناوخۆ دەکات بە هانایانەوە بڕۆن و ئەو گوێرەکەیان بۆ بگرنەوە.