لە باکووری کوردستانەوە سێ بارهەڵگر هاوکاریی پزیشکی گەیێندرانە رۆژهەڵاتی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ

لە دەروازەی سنووریی گوربولاک سەر بە پارێزگای ئاگری ـی باکووری کوردستان، سێ بارهەڵگر گەیشتنە ئێران. ئەو هاوکارییانە کە دەرمان و ئامێری پزیشکییان لەخۆگرتبوو، لەژێر سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی وان ئامادە کران.
 
رۆژی چوارشەممە هەشتی نیسانی 2026، سێ بارهەڵگری پڕ لە دەرمان، ژیناو، ئامێری پزیشکی و بوتڵی ئۆکسجین، بەرەو دەروازەی سنووریی گوربولاک لە شارۆچکەی بازیدی سەر بە پارێزگای ئاگری بەڕێکەوتن.
 
ئەو کەلوپەلە تەندروستییانە لە دامەزراوە پزیشکییەکانی وان و چەند پارێزگایەکی دیکەوە کۆکرابوونەوە بۆ ئەوەی بۆ چارەسەرکردنی بریندار و نەخۆشەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاربهێندرێن.
 
پرۆسەی ئامادەکردن و ناردنی هاوکارییەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای وانەوە بەڕێوەچوو. هەر سێ بارهەڵگرەکە دوای گەشتێکی پێنج کاژێری گەیشتنە شارۆچکەی بازیدی ئاگری. لە سنوور دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان لەلایەن بەرپرسانی گومرگەوە، بارهەڵگرەکان لە دەروازە سنوورییەکەوە، بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان پەڕینەوە.
 
ئەم هاوکارییە پزیشکییە بۆ ئێران لە کاتێکدایە، بەهۆی شەڕی 40 رۆژەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران لە دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکاندا رووبەڕووی کێشەی گەورە ببووەوە. پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا لە هەمان رێگەوە کاروانی نوێی هاوکاریی مرۆیی و پزیشکی بگاتە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.