سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێ بڕیاری هەڵبژاردنی تەواوکاری لە پەرلەمان دەدرێ
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا جەهەپە داوای هەڵبژاردن دەکات و دەسەڵات رەتیدەکاتەوە، سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا دەدرێت.
مشتومڕی تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەڵبژاردنی تەواوکاری لە رۆژەڤی سیاسیی تورکیادا سەریهەڵداوە. بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە پێداگرییەوە داوای هەڵبژاردن دەکەن و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە گوتنی (هەڵبژاردن لە رۆژەڤماندا نییە) دەرگەی گفتوگۆی داخست.
ئێستا هەشت کورسی لە کۆی 600 کورسی پەرلەمانی تورکیا چۆڵن و دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی 22 پەرلەمانتاری جەهەپە لەپێناوی ئەوەی وڵاتەکە ببەنە ناو هەڵبژاردنی تەواوکاری بڵاوبووەتەوە.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە چوارچێوەی دەستووری دا و گوتی: "لە دەستووردا دیاریکراوە کە کێ لەژێر چ چوارچێوە و چ یاسایەک دەجوولێتەوە. ئەمە لە دەستووردا دیاریکراوە. بڕگەکانی دەستوور لەبارەی مەرجەکان و دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران زۆر روونن."
سەرۆکی پەرلەمانتاری تورکیا لەبارەی چۆنیەتیی هەڵبژاردنەکە گوتی: "کاتێک سەیری دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ دەکەین، ئەرکەکە لای پەرلەمانە. ئەگەر مەرجەکانی ناو دەستوور جێبەجێ ببن، هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت، بەڵام ئەم بڕیارە لەلایەن کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیاوە دەدرێت."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە پێداگریی زۆرەوە داوا دەکات تورکتا بچێتە هەڵبژاردنی تەواوکاری و دووبارە پەرلەمان هەڵبژێردرێتەوە.
لە بەرامبەردا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی:"تورکیا بەبێ ئەوەی بکەوێتە داوی رۆژەڤە دەستکردەکانی جەهەپە، بە هەنگاوی پێداگرانەوە بەرەو ئامانجەکانی دەچێت. حکومەتەکەمان زاڵە بەسەر رۆژەڤی خۆیدا، کەس ناتوانێت رۆژەڤمان بەسەردا بسەپێنێت. کەس ناتوانێت بە مشتومڕی بێسوود تورکیا لەسەر رێچکەی خۆی لابدات. دەمەوێت ئەوە بزانرێت کە نە لە پلانی حکومەت و نە لە پلانی گەلەکەماندا، لە داهاتوویەکی نزیکدا هەڵبژاردن نییە."
بەرپرسانی جەهەپە ئاماژە بە پەرلەمان دەکەن و دەڵێن، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت یان هەڵبژاردنی تەواوکاری دەبێ بگەڕێنەوە بۆ دەستوور و پەرلەمان.
هەڵبژاردنی تەواوکاری چییە؟
هەڵبژاردنی تەواوکاری لە تورکیا بەهۆی دروستبوونی بۆشایی لە پەرلەمان دەبێتە هەنگاوێکی پێویست.
بەگوێرەی یاسا، هەڵبژاردنی تەواوکاری لەکاتی دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵ یان گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی دیاریکراوی پەرلەمانتاران دەکرێت. هەروەها لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاریش دەچێتە هەمان بابەتەوە.
هەر بەگوێرەی یاسا، ئەگەر رێژەی کورسییە بەتاڵەکانی پەرلەمانی تورلیا بگاتە 5٪م ئەوکات دەبێت هەڵبژاردنی تەواوکاری بکرێت.
بەگوێرەی ئەمە ئەگەر لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیا 30 کورسی بەتاڵ بێت، دەبێ هەڵبژاردنی تەواوکاری بکرێت. ئێستا هەشت کورسیی بەتاڵە و دەنگۆی ئەوە هەیە جەهەپە بە جارێک 22 پەرلەمانتاری خۆی بکێشێتەوە.