بەهۆی کۆرۆناوە فەرەنسا وڵاتینامە دەداتە پزیشکێکی کورد
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هاوکاریکردنی فەرەنسییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی فەرەنسا وڵاتینامە دەداتە پزیشکێکی کورد و سێ منداڵەکە، پزیشکەکە دەڵێت خۆی و هاوکارەکانی لەو نەخۆشخانەی کاری تێدادەکەن، هاوکاریی سەتان کەسیان کردووە.
د. زانا جەمیل ھەمزە کاکەشین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک لە زەحمەتکێشان و خزمەتکردنێکی بێ ھەژماری ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، هەروەها مانەوە لە ھێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا، ژیانی خۆمان خستە مەترسیەکی گەورە و وەکو پزیشک کارمانکرد لەپێناو پاراستنی ژیانی ملیۆنەھا ھاوڵاتی لە فەڕەنسا".
ئەو پزیشکە کوردە ئاماژەی بەوەدا کە رەنج و ماندووبوونەکەی بەفیڕۆ نەچوو و گوتی: "لە بەرامبەر ئەو ماندووبوونە، حکومەتی فەڕەنسا لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە پەیوەندیی پێوەکردم، سوپاس و پێزانینی حکومەت و گەلی فەڕەنسای پێڕاگەیاندم، هەروەها هەواڵی ئەوەشیان پێدام کە وڵاتینامەی فەڕەنسا بە خۆم و خێزانەکەم دەدەن".
د. زانا لە ساڵی 2009وە لە فەرەنسا نیشتەجێیە، ساڵێک دواتر لە نەخۆشخانەکانی فەرەنسا کاری کردووە. نزیکەی سێ ساڵە لە نەخۆشخانەی ئەندرێ میگنۆتی شاری ڤێرسای کار دەکات
د. زانا جەمیل ھەمزە کاکەشین، ساڵی 1978 لە قەزای مێرگەسۆری سەر بە پارێزگای هەولێر لە دایکبووە، لەساڵی 2005 کۆلێژی پزیشکیی لە زانکۆی سەلاحەدین تەواوکردووە، پسپۆڕی پێستە بەتایبەت پێستی منداڵان، لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەفەڕەنسا هاوکاریی تووشبووانی کۆرۆنای کردووە.