بەرنامەی 'گفتوگۆی باڵۆن'ی رووداو خەڵاتی مانگی زێڕینی وەرگرت
رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی گفتوگۆی باڵۆنی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا خەڵاتی مانگی زێڕینی وەرگرت. بەرنامەکە لە مانگی رەمەزاندا بە ئاسمانەوە لە باڵۆنێکدا پێشکێشکرا و هەر زوو جێگەی خۆی لەنێو دڵی تەماشەڤاناندا کردەوە.
گفتوگۆی باڵۆن لە مانگی رەمەزاندا لەلایەن رەنج سەنگاوی پێشکێش کرا و هەر رۆژە و میوانداریی کەسایەتییەکی دیاری کوردستانی دەکرد.
کەسایەتییەکان لە چین و توێژی جیاوازی کۆمەڵگەی کوردی بوون؛ هونەرمەند، سیاسەتڤان، مێژوونووس، شاعیر، دادوەر، رۆژنامەنووس، وەرگێڕ و چەندین کەسایەتیی دیکە بوونە میوانی گفتوگۆی باڵۆن.
چەندین بەرنامە بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە لە کێبڕکێدا بوون، بەڵام گفتوگۆی باڵۆن بە پڕبینەری و دەنگدانەوەکانی، بە شایستەی خەڵاتەکە زانرا.
ئاسۆ سەراوی، پرۆدیوسەری بەرنامەکە دەڵێت: "ئەم بەرنامەیەی گفتوگۆی باڵۆنی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە مانگی رەمەزان پێشکێش کرا، بەخۆشحاڵییەوە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تاکە بەرنامەیە کە پێشنیاز کراوە بۆ ئەم خەڵاتە".
ئاسۆ سەراوی باس لەوە دەکات: "سوپاس بۆ خوا کە بەرنامەکە خەڵاتی یەکەم وەردەگرێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. چەندین بەرنامەی دیکە چوونەتە پێشبڕکێ، نەک هەر لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە وڵاتانی عەرەبیش".