مەسرور بارزانی و ئەردۆغان پرۆسەی ئاشتی و پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە تاوتوێ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە. پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پرسی چەکدانانی پەکەکە تاوتوێ کران.
 
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ئەردۆغان لە کۆشکی دۆڵمەباخچە لە ئیستانبووڵ بوو. حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، سەرۆککۆماری تورکیا، ستایشی رۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا. 
 
سەرۆکی حکومەت ستایشی رۆڵی ئەردۆغان و تورکیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دووپاتکردەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی دەرەوە، وزە، بەرگری و بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی تورکیا ئامادەی بوون، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
 
 
مەسرور بارزانی و ئەردۆغان جەختیان لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە رێگەی گفتوگۆوە کردەوە. 
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا.
 
هەردوولا هیوایان خواست کابینەی نوێی عێراق ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.
 
پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەکدانانی پەکەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. سەرۆکی حکومەت پشتگیریی بۆ پرۆسەکە دووپاتکردەوە و سەرۆککۆماری تورکیاش جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوون و سەرخستن و بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە کردەوە.