دەنگدان بە مادەکانی 14، 15، 16 و 17 لە پڕۆژە یاسای بودجە دواخرا

 
رووداو دیجیتاڵ

دەنگدان بە هەر یەکە لە مادەکانی 14، 15، 16 و 17 لە پڕۆژەیاسای بودجە دواخرا و دەنگ بە مادەی 18 درا. شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، ئەو مادانە ناکۆکییان لەسەرە، بۆیە بڕیار درا بە دواخستنیان بۆ کاتێکی دیکە.
 
مادەی 14 تایبەتە بە داهاتی نەوت، هەژماری بانکی، دەسەڵاتی خەرجکردن، کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک و نەینەوا و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران. هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەی مادەکەدا باس لە بەڕێوەبردنی دەروازەکان و مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
پەرلەمانتارێکی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بڕگەی حەوتەمی مادەی 14ی پڕۆژەیاسای بودجە کێشەیان دروستکردووە و مەبەستیانە بیانوویەک بۆ بڕینی پشکی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە. 
 
سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی لەبارەی بوونی ناکۆکی سەبارەت بە مادەی 14ی پڕۆژەیاسای بودجە، رۆژی شەممە، 10-6-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەکە لەسەر بڕگەی حەوتەمی مادەی 14 دروستبووە، دوای ئەوەی رۆژی هەینی رێککەوتن لەنێوان فوئاد حوسێن وەک نوێنەری پارتی و هادی عامری وەک نوێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تێپەڕاندنی مادەی 14 کرا.
 
سیپان شێروانی راشیگەیاند، بڕگەی حەوتەمی مادەی 14 بەگوێرەی پێشنیازە نوێیەکە کە فوئاد حوسێن و هادی عامری لەسەری رێککەوتبوون، دەڵێت، "لە ئەگەری بوونی هەر کێشەیەک لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پابەندییە دەستوورییەکان، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێکدێت و لە ماوەی 30 رۆژدا پێشکێشی سەرۆکوەزیران دەکرێت و ئەویش بە بڕیارێک چارەسەری دەکات". 
 
سیپان شێروانی گوتی، بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە بەم دەقە رازی نین و پێشنیازیان کردووە لە بڕگەی حەوتەمی مادەی 14دا بنووسرێت، ئەگەر کێشە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان روویدا، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دەبڕدرێت تا ئەو کاتەی کێشەکە چارەسەر دەکرێت. 
 
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی بە رووداوی گوت، بەهۆی ناکۆکی لەبارەی دەقی پێشنیازکراوی بڕگەی حەوتەم، دەنگدان لەسەر مادەی 14 دواخرا.