لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی چوار هاووڵاتییەکەی ئامەددا دوو کەس زیندانی کران

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی ئامەد بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دوو لەو پێنج دەستگیرکراوە دەرکرد، کە لە دۆسیەی کەوتنەوەی ئاگر لە ماڵێک و گیانلەدەستدانی چوار کەسەکە دەستگیر کرابوون.
 
رووداوەکە رۆژی عەرەفە 05-06-2025 لە گەڕەکی فڕات لە ئامەدی باکووری کوردستان روویدا.
 
ئاگر لە نهۆمی سێزدەیەمی باڵەخانەیەک کەوتەوە و بەو هۆیەوە ژنێکی تەمەن 36 ساڵ بەناوی بیرجان چاڤدار، سێ لە منداڵەکانی بەناوی یونس ئەمرە (12 ساڵ)، ئەلیف (10 ساڵ) و زەینەب (4 ساڵ) گیانیان لەدەستدا.
 
دوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، تیمی پەیوەندیداری گەورەشارەوانیی ئامەد رایگەیاند، لەو باڵەخانەیەدا کەموکوڕی هەبووە و هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو چوار کەسەش هەر ئەو کەموکوڕییانە بوون.
 
لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە کرا و 5 کەس دەستگیرکران. دادگەی ئامەد سێ لەو کەسانەی بە مەرجی دادوەری ئازاد کرد و دوو کەسەکەی دیکەی خستە زیندانەوە.
 
چاوەڕێی دەستپێکردنی پرۆسەی دادگەیی دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت تۆمەتباران سزا بدرێن.
 
لە رووداوەکەدا 17 کەس لە باڵەخانە 13 نهۆمییەکەوە گەیێندرانە نەخۆشخانە.
 
تەنیا ئەو چوار کەسە کە ئەندامی یەک خێزان بوون گیانیان لەدەستدا. ئەوانی دیکە دوای وەرگرتنی چارەسەر گەڕێندرانەوە ماڵەوە.