تورکمانەکان لە کەرکووک بە دوو لیست بەشداریى هەڵبژاردن دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

لایەنە تورکمانەکان لە کەرکووک بە دوو لیستى جیاواز بەشداریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەکەن، دوای ئەوەى گفتوگۆکانیان بۆ یەک لیستی شکستى هێنا. بەرپرسێکى باڵاى پارتێکى تورکمانى دەڵێت، "فرەلیستى باشترە بۆ بەدەستهێنانى دەنگ و دواى هەڵبژاردن پێکەوە کار دەکەن."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 9ى حوزەیرانى 2025 تەحسین کەهیە، جێگرى ئەمیندارى گشتیى یەکێتیی ئیسلامیى تورکمان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لایەنە تورکمانەکانى کەرکووک بە دوو لیستى جیاواز بەشداریى هەڵبژاردن دەکەن، کە بریتین لە لیستى بەرەى تورکمانیى یەکگرتوو و لیستى ئینقازى تورکمانیى کەرکووک."
 
تەحسین کەهیە کە پارتەکەى بەشدارە لە لیستى ئینقازى تورکمانى کەرکووک، گوتى، "گفتوگۆ لەنێوان لایەنە تورکمانییەکان کرا بۆئەوەى بە یەک لیست بەشدارى لە هەڵبژاردن بکەین، بەڵام لەسەر چەند پرسێک رێکنەکەوتین، لەوانەش ناوى لیستەکە و ریزبەندیى بەربژێرەکان."
 
لە 66 هاوپەیمانیى پێشوو، 25یان ویستیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن پیشانداوە و 16 هاوپەیمانیی نوێش داواکاریی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنە پێشکێشی کۆمیسیۆن کرد و پەسند کران.
 
جێگرى ئەمیندارى گشتیى یەکێتیى ئیسلامیى تورکمان بەشداریى تورکمانەکان بە فرەلیستى بە "باشتر" لە یەک لیستى دەزانێت، پێیوایە "ئەو تورکمانانەى دەنگ بە لایەنێکیان نادەن، دەنگ بە لایەنەکەى دیکە دەدات."
 
لیستى ئینقازى تورکمانى کەرکووک نزیکە لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعە و یەکەمجارە بەو ناوە بەشدارى هەڵبژاردن بکات.
 
دوایین هەڵبژاردن لە کەرکووک کرابێت هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بوو لە ساڵى 2023 کە تێیدا بەرەى تورکمانیى یەکگرتوو 75 هەزار و 169 دەنگى بەدەستهێنا و سێ کورسى ئەنجوومەنەکەى بردەوە؛ لیستى کەرکووکونا کە دووم لستى تورکمانى بوو، 22 هەزار و 701 دەنگى بەدەستهێنا، بەبێ ئەوەى کورسى ئەنجوومەنى پارێزگا ببات.
 
تەحسین کەهیە گوتى، "بڕیارەکە وایە دواى هەڵبژاردن، تورکمانەکان پێکەوە کاربکەن."
 
هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمان لە 11ى تشرینى دووەمى 2025 دەکرێت؛ کەرکووک یەک بازنەى هەڵبژاردنە.