سوڵحی رووداوەكەی ماجدی لاند بە 700 هەزار دۆلار كرا
رووداو - هەولێر
ئەو رووداوەی شەوی 23/5/2018 لە شاری یاریی ماجدی لاند لە هەولێر روویدا و بووە هۆی مردنی سێ كەس بە ناوەكانی زانا، شیفا و سیما، لەگەڵ برینداربوونی دوو كەسی دیكە بە ناوەكانی ئاڵا و كانی، بە سوڵح كۆتایی هات و دۆسیەكەی لە دادگا داخرا، بەپێی زانیارییەكانیش سوڵحەكە بە 700 هەزار دۆلار كراوە.
رووداوەكە بەهۆی كەوتنی كرێنێك بوو بەسەر یەكێك لە یارییەكاندا كە قوربانییەكانی لەسەر بوو، لەسەر ئەو رووداوە چوار كەس دەستگیركران كە دوویان شوفێری كرێنەكە بوون، هەروەها محەممەد عەلی جەعفەر كە ئەندازیاری میكانیكی شاری یاریی ماجدی لاند بوو.
پارێزەری محەممەد جەعفەر بە (رووداو)ی گوت: "محەممەد شەوی رووداوەكە لەوێ نەبووە، بەڵام تۆمەتبار كرابوو، لە كاتێكدا ئەو تەنیا بەرپرسی میكانیكی بوو، هیچ كێشەیەكیش لەبواری میكانیكیی ئەو یارییەدا نەبوو، بۆیە محەممەد بەبێ تاوان دەستگیركرابوو".
ئەو پارێزەرە پێشتراستی كردەوە كە كێشەكە لە رێگەی سوڵحەوە چارەسەر كراوە و گوتی "كەسوكاری قوربانییەكان لەدادگا تەنازولیان كرد، بۆیە ئەوانەی لەسەر ئەو رووداوە دەستگیركرابوون، بە كەفالەتی 15 ملیۆن دینار بۆ هەر یەكێكیان ئازادكران".
سەبارەت بەداخستنی كەیسەكەش، ئەو پارێزەرە گوتی: "هەموو شتێك تەواو بووە، ئێستا چاوەڕوانی تەواوبوونی وەفاتنامە و قەسام شەرعی سێ قوربانییەكە دەكەین تاوەكو كەیسەكە بەیەكجاری دابخرێت".
سەبارەت بە مافی گشتی لە دۆسیەكەدا، ئەو پارێزەرە گوتی: "رەنگە بەهۆی لێبووردنی گشتی، مافی گشتی لە دۆسیەكەدا نەمێنێ، چونكە یاسای لێبوردنی گشتی دەڵێت ئەگەر دادخواز تەنازولی كرد حكومەتیش لە مافی خۆی خۆشدەبێت".
هەروەها دەشتی نوورەدین عەبدوڵڵا، پارێزەری كۆمپانیای ماجدی لاند، لەبارەی سوڵحی ئەو رووداوە، گوتی "لایەنی بەرامبەر لە مافی كەسێتی خۆیان خۆشبوون، ئەوان تەنازولیان كرد كە هیچ سكاڵایان نییە و رووداوەكە قەزا و قەدەر بووە".
سەبارەت بە بڕی پارەی سوڵحەكە، دەشتی نوورەدین گوتی "سوڵح كراوە، بەڵام بۆ بڕی پارەی سوڵحەكە ئاگادار نیم چونكە لەپەڕاو باس ناكرێ، سكاڵاكە سكاڵای یاساییە. لە دادگا تەنیا باس لەوە دەكرێ كە ئایا سكاڵایان هەیە یان نا، زانیاریم لەسەر گوژمەی پارەكە نییە، تەنیا دەزانم بەڵێ پارە وەرگیراوە، بەڵام لەسەر داوای هەردوولا بڕی پارەكە ئاشكرا ناكرێ".
مەلا تاهیر مەلا عەبدوڵڵا، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی گەورەی بەحركە كە سوڵحەكە لە دیوەخانەكەی ئەو كراوە، بە (رووداو)ی گوت :"هەموومان دەزانین رووداوەكە بەئەنقەست نەبووە و قەزاو قەدەر بووە، بۆیە داوامان لەو بنەماڵە بەڕێزە كرد كە پێویست ناكات بەچاوی رق تەماشای ئەو بەڕێزانە بكەن و كاریان رابگیرێ، ئەو بنەماڵەیەش رازی بوون كە لێیان خۆش ببن و داواكەیان لە دادگا بكشێننەوە بەبێ هیچ داواكاری و بەرامبەرێك".
سەبارەت بە چۆنیەتی سوڵحەكەش گوتی: "حاجی ئەحمەد ماجدی، خاوەنی كۆمپانیای ماجدی لاند لەگەڵ چەند كەسایەتی و مامۆستایەكی ئاینی هاتنە لامان، ئێمەش قسەمان لەگەڵ كەسوكاری قوربانییەكان كرد كە رووداوەكە بە ئەنقەست نەبووە، ئەوانیش رازی بوون لێیان خۆش ببن و بە فەرمی مۆریان كرد كە هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ كۆمپانیاكە و تۆمەتبارەكاندا نییە".
سەبارەت بە بڕی پارەی سوڵحەكە، مەلا تاهیر گوتی: "بەهیچ جۆرێك سوڵح لەسەر پارە نەكراوە، ماڵی قوربانی داوای هیچیان نەكرد، بەڵام حاجی ئەحمەد وەك دیارییەك خۆی حەزی كرد بڕێك پارە كە لە ئوسوڵدایە بیانداتێ، گوژمەكەی ناتوانم بڵێم چەند بووە".
سێ قسە لەبارەی بڕی پارەكە دەكرێ، سەرچاوەیەك كە ئاگاداری سوڵحەكە بووە، گوتی "هەندێك دەڵێن یەك ملیۆن دۆلار بووە، هەندێكی دیكە دەڵێن 900 هەزار دۆلار بووە، لە دادگاش پێیانگوتم 590 هەزار دۆلار بووە، بەڵام زانیاریم هەیە سوڵحەكە بە 700 هەزار دۆلار كراوە". بەڵام مەلا تاهیر گوتی: "پارەكە بڕێكی ئوسوڵی بووە و لە 500 هەزار دۆلار زیاتر بوو، بەڵام نەگەیشتووەتە یەك ملیۆن دۆلار".