کوردستان
گۆشتی قوربانی لە گوندی شێخانی سەر بە شارۆچکەی دیانا. وێنە: هاوکار شێخانی بۆ رووداوی ناردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور، بازاڕی گۆشتفرۆشان بەراورد بە جەژنی رەمەزانی رابردوو، گەرمتر بووە. پزیشکێکی ڤێتێرنەریش دەڵێت: "دەبێ هاونیشتمانییان هۆشیاربن لەوەی کە چالاکی و زیتەڵیی ئاژەڵ مانای تەندروستی نییە". نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت: هەر ئاژەڵێک گەنەی پێوەبێت، رێگە نادەن سەرببڕدرێت.
گۆشت گرانبووە و خواست زیاد بووە
سەرەڕای گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور، بازاڕی گۆشتفرۆشان بەراورد بە جەژنی رەمەزانی رابردوو، گەرمتر بووە. هیوا قادر، کە لە بەر بەلەدییەکەی سلێمانی گۆشتفرۆشە بە رووداوی گوت: بەراورد بە جەژنی رەمەزان، فرۆشی گۆشت زیاتربووە، هەرچەندە دەبوو لەم جەژنەدا کە ئاژەڵێکی زۆر دەکرێنە قوربانی خواست کەمبکات، بەڵام بەهۆی دابەشکردنی مووچەوە خواست زیادیکردووە.
لەبارەی نرخی گۆشتەوە هیوا قادر گوتی: "نرخی یەک کلیۆ بەپێی کوالێتیی گۆشتەکە، لە 10 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 17 هەزار، ئەوانەی کە هەرزانترن گۆشتی سەر شەقام و جادەکانن، یان ئاژەڵی پیر و نەخۆشن".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، رێژەی 55%ی ئەو گۆشتەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندایە بەرهەمی ناوخۆیە و رێژەی 45%یش هاوردە دەکرێت، نرخی گۆشتیش بەراورد بە ساڵی 2021 نزیکەی هەزار دینار بۆ دوو هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک زیاد بووە.
نرخی یەک سەر ئاژەڵ لە ساڵی 2022 بەم شێوەیە:
- یەک سەر مەڕ لەنێوان 200 بۆ 300 هەزار دینارە.
- یەک سەر بزن لەنێوان 250 بۆ 300 هەزار دینارە.
- یەک سەر مانگا لە نێوان ملیۆنێک و 200 هەزار بۆ ملیۆنێک و 300 هەزار دینارە.
- یەک سەر رەشەوڵاخ لە نێوان ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بۆ سێ ملیۆن و 500 هەزار دینارە.
نرخی یەک سەر ئاژەڵ لە ساڵی 2021 بەم شێوەیە بوو:
- یەک سەر مەڕ لەنێوان 200 بۆ 250 هەزار دینار بوو.
- یەک سەر بزن لەنێوان 230 بۆ 270 هەزار دینار بوو.
- یەک سەر مانگا لە نێوان یەک ملیۆن بۆ ملیۆنێک و 200 هەزار دینار بوو.
- یەک سەر رەشەوڵاخ لە نێوان ملیۆنێک و 300 هەزار دینار بۆ سێ ملیۆن دینار بوو.
نرخی گۆشتی سوور لە ساڵانی 2021 و 2022دا
- لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی 2021 نرخی کیلۆیەک گۆشت لە نێوان 12 بۆ 14 هەزار دینار بووە، ئێستا لە نێوان 17 بۆ 18 هەزار دینارە.
- لە پارێزگای هەولێر لە ساڵی 2021 نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لە نێوان 13 بۆ 15 هەزار دینار بوو، ئێستا لە نێوان 17 هەزار دینارە.
- لە پارێزگای دهۆک لە ساڵی 2021 نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لە نێوان 12 بۆ 15 هەزار دینار بوو، ئێستا لە نێوان 16 بۆ 17 هەزار دینارە.
- لە پارێزگای هەڵەبجە لە ساڵی 2021 نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لە نێوان 13 بۆ 14 هەزار دینار بوو، ئێستا لە نێوان 16 بۆ 18 هەزار دینارە.
'چالاکبوون و زیتەڵیی ئاژەڵ، نیشانەی تەندروستیی نییە'
د.شاڵاو عارف، لێپرسراوی ستافی پزیشکی کوشتارگەی قەرەگۆل لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "پێش سەربڕینی ئاژەڵ، لە رێگەی ستافێکی پزیشکییەوە پشکنینی تەواوی بۆ دەکرێت و دوای سەربڕینیش بەهەمانشێوە، ئەگەر ئاژەڵەکە نەخۆشیی مرۆژەڵی یان ڤایرۆس و بەکتریایی هەبوو، ناهێڵین بچێتە ناو سەربڕخانە".
د.شاڵاو عارف ئاماژەی بەوەکرد، نابێ خاوەنی ئاژەڵەکە بە چالاکبوونی ئاژەڵەکە بڕیار لەسەر نەخۆشی بدات، زۆر ئاژەڵ هەن کە چالاک و زیتەڵن، بەڵام گۆشتەکەیان هەڵگری ڤایرۆسە و رەنگە نەخۆشی سارکۆسیسی هەبێ.
د.سۆران عەبدوڵڵا، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە رووداوی گوت: گشتاندنمان کردووە بۆ هەموو پارێزگا و ئیدارەکان کە دەبێ لە رۆژانی جەژندا هەموو سەربڕخانەکان کراوەبن و ستافی پزیشکی ئامادە بن و هۆشیاری بە هاونیشتمانییانیش بدەن و گوتیشی "نابێ لە دەرەوەی سەربڕخانەکان ئاژەڵ سەرببڕدرێت".
د.سۆران عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئەگەر ئاژەڵ، پێش سەربڕین، گەنە و مشەخۆری پێوەبوو، نابێ سەرببڕدرێت، چونکە گەنە هەڵگری ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونە و دەیگوازێتەوە، ئاژەڵی نەخۆش لە رووی شەرعی و زانستییەوە نابێ بکرێتە قوربانی و سەرببڕدرێت".
هەر ئاژەڵێک دوای سەربڕین شەش کاژێر دەخرێتە ناو ساردکەرەوەوە
د. شاڵاو عارف، لێپرسراوی ستافی پزیشکی کوشتارگەی قەرەگۆل لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت: پرۆسەی سەربڕین و کەوڵکردنی ئاژەڵ، کاتی پێویستە، بەڵام گەرەنتی سەلامەتی هاونیشتمانییانە. "سەربڕین و هێشتنەوەی، ماوەی شەش کاژێر لە ساردکەرەوەکاندا کاتمان دەبات، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە هەرچی ڤایرۆس و بەکتریایە دەیکوژێت، چونکە پلەی گەرمی 1-ـە و هاونیشتمانییانیش دەتوانن لە بەفرگر و ساردکەرەوەکانی ماڵەوەدا هەمان کار بکەن".
د.سۆران عەبدوڵڵا، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: با هاونیشتمانییان دوای کڕینیش، کە زانییان ئاژەڵەکە نەخۆشە، بیبەنەوە بۆ فرۆشیارەکە. هەروەها ئەوانەی قوربانی دەکەن، سەردەبڕن و گۆشت ورد دەکەن و ئامادەی دەکەن بۆ خواردن، با دەستکێش بەکار بهێنن و باش بیکوڵێنن، چونکە ڤایرۆس لە 70 پلەی سیلیزیدا دەمرێت.
سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکاندا قەدەخەیە
بەپێی بڕیاری ئیدارەی پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان، سەربڕین لەسەر جادە و شەقامەکان قەدەخەیە. سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، قایمقام فەرمانی کردووە بە گرتنەبەری رێکاری تووند لە بەرامبەر گۆشت و شێوازی سەربڕینی ئاژەڵان لە رۆژانی جەنگ، ئەویش بەهۆی پەتای سکچوون و رشانەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، هەر کەسێک بەبێ پشکنین و لە دەرەوەی سەربڕخانەکان ئاژەڵ سەرببڕێت، سزا دەدرێت.
هاوکات رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، سەربڕینی ئاژەڵان لە رۆژانی جەژنی قورباندا لەسەر شەقام و مەیدانی ئاژەڵاندا قەدەخەیە و رێگەی پێنادەین. داواشی لە هاونیشتمانییان کرد ئاژەڵ لەو شوێنانە سەرنەبڕن، چونکە "کوشتارگەکان لە یەکەم رۆژی جەژنەوە لەژێر چاودێری قایمقامیەت کراوەن و پێشوازی لە خەڵک دەکەن بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکانیان".
لەبارەی ئەو گۆشتفرۆشانەی لە ماوەی رابردوودا داخراون و سزادراون، رێکان جەمال ئاشکرای کرد، لە هەفتەی رابردوودا، دووکانی چەند گۆشتفرۆشێکیان لە دارە سووتاوەکەی سلێمانی داخستووە و دۆسیەکەیان بردوونەتە بەردەم دادگەیەکی لێکۆڵینەوە و چاوەڕوانی بڕیاری سزادانی ئەوانن.
داوای لە هاونیشتمانییانیش کرد، گۆشت لە گۆشتفرۆشی جێمتمانە بکڕن و نەچنە لای ئەو شوێنانەی کێشەیان هەیە و سزادەدرێن. "ئێمە بۆیە سزادەدەین و لافیتە لە دووکانی سزاداراون دەدەین، بۆ ئەوەی خەڵک بیانناسنەوە".
ئەمڕۆ شەممە 09-07-2022 یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە و بەشێک لە موسڵمانان لە وڵاتانی جیهان قوربانی دەکەن. لە جەژنی قورباندا، موسڵمانان چەند ئاژەڵێکی جیاواز دەکەنە قوربانی، لەوانە: مەڕ، مانگا، وشتر و بزن. ئەوەش بەپێی توانای دارایی کەسەکە و ژمارەی ئەو کەسانە دەبێت کە قوربانی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ