بنکەیەکی خێرخوازی لە بانە شەش تۆن گۆشتی قوربانی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

شێوازی قوربانیکردنی بنکەی خێرخوازیی ئیحسان لە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان جیاوازە لە شوێنەکانی دیکە. بنکەکە لە چەند رۆژ پێش جەژنی قوربانەوە، پارە یان ئاژەڵی قوربانی کۆدەکاتەوە، بە خۆبەخشانە بەسەر خەڵکی هەژار و کەمداهاتدا دابەشی دەکات. ئەمساڵ زیاتر لە 6000 کیلۆ گۆشتی گەیاندووەتە ئەو ماڵانەی بۆیان ئاسان نەبووە گۆشت بکڕن.
 
بەشێک لەو ئاژەڵانەی لە بنکە خێرخوازییەکە کراونەتە قوربانی، لەلایەن خودی هاونیشتمانییانەوە کڕدراون، بەشێکیشیان پارەیان داوە بە بنکە خێرخوازییەکە و پارە کۆکراوەتەوە و ئاژەڵ کڕدران و سەربڕدران. نزیکەی 50 کەسی خۆبەخش لەو کارەدا بەشداربوون و بەشە گۆشتی خێریان بەسەر 2000 خێزاندا دابەشکرد.
 
ئامانج لە قوربانیکردن بەو شێوەیە ئەوەیە، زیاترین هاوکاری بگاتە دەست خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت. خۆبەخشانی بنکەی خێرخوازیی ئیحسان پێیانوایە قوربانیکردن بەو شێوەیە لەڕووی ئایینییەوە هیچ کێشەیەکی نییە و خێریشی زیاترە، بەهۆی ئەوەی زیاترین خێزانی هەژار، لێی سوودمەند دەبن.
 
خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمجارەیش وەکو زۆربەی جەژنەکانی دیکە، لە یەک رۆژدا جەژنیان نەکرد. شیعە مەزهەبەکان و بەشێکی کەم لە سوننەکان یەکشەممە دەکەن بە جەژن و سوننەکان لە باشووری پارێزگای ورمێ، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سنە و باکوور و باکووری رۆژئاوای پارێزگای کرماشان، رۆژی شەممە جەژنیان کرد.