کۆمیسیۆن: دەستەی دەستپاکی لیستی بەربژێرەکانی پەسندکردووە
رووداو-هەولێر
گوتەبێژی کۆمیسیۆن راگەیاند، لیستی بەربژێرانی قەوارە سیاسییەکان کە نێردراون بۆ دەستەی دەستپاکی، لە وردبینی دەستەکە دەرچوون و بێ کێشە بوون.
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی لە تەواوی بەربژێرەکانی لیستەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و لە ئەنجامدا تەواوی ناوەکان بێ کێشە دەرچوون و هیچ گەندەڵییەک یان دۆسییەیەکیان لە دادگا لەسەر نەبووە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان هەفتەی رابردوو ناوی بەربژێرانی قەوارە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەستەی دەستپاکی نارد بۆ وردبینیکردن لەوەی هیچ دۆسییەیەکی گەندەڵییان لەسەرە یان نا، بەڵام وەک گوتەبێژی کۆمیسیۆن رایگەیاند هەموو ناوەکان بێ کێشە دەرچوون.
رۆژی 30-9-2018 پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان