رەوان بارزانی: دڵمان لەگەڵ خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانە

رووداو دیجیتاڵ

رەوان ئیدریس بارزانی لە رۆژی پاراستنی خەڵکە رەسەنەکانی جیهان دەڵێت، دڵمان لەگەڵ خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانە و پەیامێکیش ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکات و رایدەگەیێنێت "دڵمان لەگەڵ جووتیارانی كوردە، دەبێ حكومەتی عێراق رێگە لەو زێدەڕۆیی و زوڵمە بگرێت كە لە جووتیارانی كورد و خاوەنە رەسەنەكانی ئەو زەویانە دەكرێت".
 
ساڵی 1982 نەتەوەیەكگرتووەكان رۆژی 9ی ئابی وەك رۆژی پاراستنی خەڵكە رەسەنەكانی جیهان دیاریكردووە. رەوان ئیدریس بارزانی لەو رۆژەدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "كورد نەتەوەیەكی رەسەنی ناوچەی زنجیرە چیای زاگرۆس و مێزۆپۆتامیایە، خاكەكەیشی بەناوەكەیەوە ناونراوە كوردستان. كورد یەكێك لە رەسەنترین نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە."
 
رەوان ئیدریس بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات کە "ئێمەی كورد شانازی بە كولتووری خۆمانەوە دەكەین، كە هەمیشە هەموو ئەو نەتەوانەشمان پاراستوون كە لەگەڵیان ژیاوین و لە تەنیشتمانەوە ژیاون. ئێمە هەمیشە بەرگریكاربووینە لە خاكی خۆمان و هێرشمان نەكردووەتە سەر وڵاتی هیچ نەتەوەیەك."
 
سەبارەت بە کولتووری پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، رەوان بارزانی دەڵێت "شانازی بە كولتووری پێكەوەژیان دەكەین لە گوند و دەڤەرەكەمان و كوردستاندا بەگشتی. شانازی دەكەین كە لەژێر سایەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا زمان و خوێندن و كولتووری هەموو نەتەوەكان گەشاوەتەوە."
 
رەوان بارزانی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە کێشەی جووتیاران لە "ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان" دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت "زۆر خەمگینین كە دەبینین لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كێشە بۆ جووتیارانی ئەو ناوچانە دروستدەكرێت بەتایبەتی لە سنووری هەردوو پارێزگای كەركووك و سەلاحەدین. دڵمان لەگەڵ جووتیارانی كوردە". 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەیامێک ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکات و دەڵێت "دەبێ حكومەتی عێراق رێگە لەو زێدەڕۆیی و زوڵمە بگرێت كە لە جووتیارانی كورد و خاوەنە رەسەنەكانی ئەو زەویانە دەكرێت. ئەوانە خاوەنی مێژوویی و یاسایی ئەو ناوچانەن."
 
رەوان بارزانی کوڕی ئیدریس بارزانییە و برای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. لە 17-02-1981 لە دایکبووە و فەرماندەی هێزی تایبەتی 1ی هەرێمی کوردستانە. ئەو بەشدارییەکی زۆری هەبووە لە شەڕی دژ بە داعش لە ساڵی 2014 دا. 
 

 

 

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی خەڵکی رەسەنە و رۆژی 9ی ئاب لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە وەک رۆژی نێودەوڵەتی خەڵکی رەسەنی جیهان ناسێندراوە، ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان یادی ئەم رۆژە دەکرێتەوە. رۆژ عەلی زاڵە لە ئەمریکا پرسیاری لە خەڵکی ئەمریکا کردووە کە کێ بە خەڵکی رەسەنی ئەمریکا دەزانن.
 
بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان 370 ملیۆن کەس لە جیهاندا خەڵکی رەسەنن و لە 90 وڵاتدا دەژین. زیاتر لە حەوت هەزار شێوەزار و پێنج هەزار کولتووری جیاوازیان هەیە.