سەرۆکی پێشووتری جەهەپە پێشنیاز دەکات گەریلا لە ئەورووپا ژیان بەسەر ببەن
رووداو دیجیتاڵ
حیکمەت چەتین، سەرۆکی پێشووتری جەهەپە پشتیوانیی هەوڵەکانی دەوڵەت باخچەلی لە پرۆسەی چارەسەری دەکات و پێشنیازیش دەکات گەریلا لەدوای چەکدانان بنێردرێنە وڵاتانی وەک سوێد، نەرویج و دانیمارک.
حیکمەت چەتین رۆژی سێشەممە 9-9-2025 لە نووسینگەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، میوانداری فەتی یڵدز، یاریدەدەری سهرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ی کرد.
بە گوێرەی میدیای تورکیا، ئەو دیدارە لەسەر داواکاریی دهوڵهت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بووە و باخچەلی بەتایبەت داوای کردووە ئەو دوو کەسایەتییە کۆببنەوە.
کۆبوونەوەکە نزیکەی 15 خولەکی خایاند و دواتر حیکمەت چەتین رایگەیاند فەتی یڵدز پێی گوتووە "دانانی قەییوم دروست نییە".
حیکمەت چەتین، لەبارەی لادانی سەرۆک و دەستەی کارگێڕیی رێکخستنەکانی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ و دانانی قەییوم گوتی: "دانانی قەییوم بۆ لقی رێکخستنەکان کارێکی هەڵەیە. بە بۆچوونی من، لیژنەی باڵای هەڵبژاردن هەڵەی کرد کە کۆنگرەی ئیستەنبووڵی پەسندکرد، کۆنگرەی گشتیشی پەسند کرد، واتە هەردووکیان لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەوە پەسند کران. بەڵام تێناگەم بۆچی قەییوم هەڵنەوەشێندرایەوە؟"
هەروەها لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئەو لیژنە پەرلەمانییەی بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە، حیکمەت چەتین گوتی: "پیرۆزبایی لە دهوڵهت باخچەلی دەکەم و تەنیا ئەو دەیتوانی کێشەیەکی 100 ساڵە چارەسەر بکات. ئەگەر پارتێکی دیکە چارەسەری بکردبا، بە لایەنگیریکردن تۆمەتباریان دەکرد. ئێستا باشە و کارەکە جێگیر بووە".
یەکێک لەو بابەتانەی ئەو سەرۆکەی پێشووی جەهەپە باسی کرد، قۆناخی دوای چەکدانان و چارەنووسی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو.
حیکمەت چەتین گوتی: "پێشنیازی من ئەوەیە کە ئەوانە بنێردرێنە وڵاتانی وەک سوێد، نەرویج و دانیمارک. بە تێپەڕبوونی کات، ئەگەر هەموو شتێک ئاسایی بێتەوە، ئەوکات دەتوانن لێیان خۆش بن".
رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
پەکەکە لەسەر داواکاریی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی دامەزرێنەری، رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند: "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
رۆژی 11-7-2025 لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە شێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان سووتاند و گەڕانەوە بنکەکانیان.
لیژنەیەک بەناوی 'پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی' لە پەرلەمانی تورکیا بۆ راپەڕاندنی کاروباری تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و پێشکێشکردنی پێشنیازە یاسا کارا کراوە.
لیژنەکە لە 51 ئەندام پێکهاتووە و جگە لە ئیی پارتی، تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان تێیدا بەشدارن.
حیکمەت چەتین
- 1937 لە لیجەی ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە
- دەرچووی بەشی زانستە ئابووری و بازرگانییەکانە لە ئیستەنبووڵ
- ساڵانێک لە پارتی گەلی کۆماری (CHP) و پارتی گەلی سۆسیال دیموکرات (SHP) سیاسەتی کردووە
- 1987-1991 ئەمینداری گشتیی SHP بووە
- 1991 بووە وەزیری دەرەوەی تورکیا
- 1995 بووە سەرۆکی جەهەپە
- 1997-1999 سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بووە