لە وان بەهۆی کوشتنی دوو برا حەوت کەس خرانە زیندانەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی ئەردیش سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان حەوت کەس بە تۆمەتی کوژرانی دوو برا، خرانە زیندانەوە.
ئەو دوو برایە بە ناوەکانی موسا و محەممەد دەمیر رۆژی شەممە شەشی ئەیلوولی 2025 لە شەقامی رێگەی وان لە شارۆچکەی ئەردیش، کاتێک لە بەردەم کافێیەکەی خۆیان و لەنێو ئۆتۆمبێلدا بوون، رووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بوونەوە و هەردووکیان کوژران.
دواتر ئاشکرا بوو ئەو دوو برایە لەلایەن چەند کەسێکەوە بە هەڵە کوژراون کە ویستوویانە تۆڵەی باوکی کوژراویان بکەنەوە. هێرشکارەکان ئۆتۆمبێلەکەیان لێتێکچووە و بە هەڵە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو دوو برایە.
داواکاری گشتیی ئەردیش دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و دوای سەیرکردنەوەی کامێراکانی چاودێری، حەوت کەس دەستبەسەر کران و رەوانەی دادگەی ئەردیش کران.
دادگەی ئەردیش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" بڕیاری زیندانیکردنی بۆ حەوت کەسەکە دەرکرد و رەوانەی گرتووخانەی کردن.
داواکاری گشتیی ئەردیش رایگەیاند: "کارکردن بۆ دەستنیشانکردن و دەستگیرکردنی گومانلێکراوانی دیکە بەردەوامە."