بافڵ تاڵەبانی: نابێت شایستە داراییەکان لە عێراق و کوردستان تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، سەرکردایەتیی نوێ و هەڤاڵانی یەکێتی لەبەردەم دوو تاقیکردنەوەدان کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. دەشڵێت، "پێویستە شایستە داراییەكانی خەڵک تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێن، چی لە نێوان هەرێم و بەغدا و چ لە ناوخۆی کوردستاندا."
ئەمڕۆ دووشەممە، 9-10-2023، ئەنجوومەنی نوێی سەرکردایەتی یەکێتی دووەم کۆبوونەوەی خۆی کرد و 19 ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبەی هەڵبژارد، کە پێنجیان یەدەگن، لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، سەرکردایەتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاندووە: "سەرکردایەتیی نوێ و هەموو هەڤاڵانی یەکێتیی لەم ماوە نزیکەدا دوو تاقیکردنەوەی گرنگیان لە ئەستۆیە كە ئەوانیش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لە سایەی ئالیەتێکی گونجاو و لەباری دیموکراتیدا."
بافڵ تاڵەبانی هەروەها گوتوویەتی: "ناشبێت هەردوو ئەرکەکە ئەوەشمان لەبیربباتەوە کە هەمیشە داکۆکی لە شایستە داراییەكانی خەڵکی خۆشەویستی خۆمان بکەین کە پێویستە تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێن، چی لە نێوان هەرێم و بەغدا و چی لە ناوخۆی کوردستاندا، چونکە قووتی خەڵک هێڵی سوورە بۆ ئێمە و هەرگیز دەستبەرداری نابین."
کۆبوونەوەکانی دوو رۆژی سەرکردایەتی بە چڕوپڕی گفتوگۆی لەسەر پەیكەربەندیی نوێی کارە رێکخراوەییەکانی یەکێتیی کرد و لەوبارەیەوە مەکتەبی سیاسیی نوێی هەڵبژارد، ئەرکی مەکتەب و ئۆرگانەکانیشی بەگوێرەی پەیڕەوی نوێ دیاریکرد.
لە کۆبوونەوەكە بڕیاردرا بەڵگەکانی پەسندکراوی کۆنگرە لە پەیڕەوی ناوخۆ، پرۆگرام و راپۆرتی سیاسیی چاپ و بڵاوبکرێنەوە و بخرێنە بەردەم ئۆرگانەکان و رای گشتی.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان جگە لە هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە، د. خەسرەو گۆڵ محەممەد بە نوێنەری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنەکانی "سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی بەرژەوەندی، ئەنجوومەنی پشتیوانی" دەستنشانکرا. هەروەها سەعدی پیرەش بە گوتەبێژی ئەو حیزبە دەستنیشانکرا.